ئاژانسی كوردپا: لەئێران و بەتایبەت لەكوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی بێكاران روو لەزیاد بوون دەكات و هەروەها بەشێكی بەرچاو لە كرێكاران لە ئیمتیاز و خزمەتگوزارییە كرێكارییەكان بێبەرین.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، نەدانی خانوو بە كرێكارانی سەندیكای مكانیكی لەسنە، بێكاریی زیاتر لە ٣٠ كارناس و كرێكاری باخەوانی لەگیلانغەرب و هەروەها بێكاریی ژمارەیەک كرێكار لەئەنجامی داخرانی شیركەتی " سایپا خودرو" لە دێهلۆڕان ئەو كێشە و گرفتانەن كە هاووڵاتییان و كرێكارانی كورد لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە.
تەعەمیركاران و مكانیكەكانی شاری سنە كە نزیك بە ٧٥٠ كەسن لەساڵی ١٣٧٩وە بە مەبەستی پێدانی زەوی بۆ دروست كردنی خانووبەرە، لەئیدارەی مەسكەن و شارسازی ناونووسیان كردووە و لەوپێوەندییەدا هەر كامەیان دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن پارەشیان داوە.
دوای تێپەڕ بوونی نزیك بە ١٤ ساڵ هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو زەویانە بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئیدارەی مەسكەن و شارسازی دەستاودەستیان پێدەكات.
لەدرێژەی پشت گوێخرانی داواكارییەكانی هاووڵاتییان و كرێكاران، نزیک بە ٣١ كەس كارناس و كەسی شارەزای بواری باخەوانی لە گیلانغەرب لە ساڵی ١٣٩١وە لە گەڵاڵەی پەرەپێدانی باخەوانیدا ناویان تۆمار كردووە و هەتا ئێستا ئەو ناو نووسینە بێوڵام ماوەتەوە.
بڕیار بوو ئەو ٣١ كەسە دوای ماوەیەكی كورت لەناونووسی كاریان بۆ دابین بكرێو لێهاتووی و شارەزایی خۆیان لەبواری باخەوانیدا بەكار بێنن.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئامارەكان پرسی بێكاریی لەكوردستان باڵی بەسەر ئەو ناوچەیە لەئێراندا كێشاوە و چەند رۆژ لەمەوبەریش ژمارەیەك هاووڵاتیی دیكەش بە ریزی بێكاران زیاد بوون.
چەند رۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەرانی شیركەتی سایپا خۆدڕەو لە دێهلۆِران، كرێكاران و پێرسۆنێلی خۆیان جواب كردووە و شیركەتەكەش بەرەوڕووی داخران بۆتەوە.

بەڕێوەبەرانی ئەو شیركەتە رایانگەیاندووە؛ لەلایەن لقە سەرەكیەیكانەوە هیچ پشتیوانییەک لەئێمە نەدەكرا و هاووڵاتییان بۆ كاروباری ئۆتۆمبێل و پێداویستییەكانیان سەردانی شارەكانی دیكەیان دەكرد.
یەكێك لەهاووڵاتییان بە هەواڵدەریی "تسنیم"ی وتووە، شیركەتی سایپا لە دێهلۆران خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆی نەبوو و ئێمە بەناچاری سەردانی مكانیكی تایبەتمان دەكرد.
بەرپرسانی حكوومەتی بە بەردەوامی ئاماری جیاوازییان لە بێكاریی لەئێران بڵاو كردۆتەوە، بەڵام ئەوەی كە جێگای سرنجە ئەو شەپۆلە لەبێكارییە كە رووی لەو وڵاتە كردووە و لە پەرەسەندان دایە.
وەزیری كار رایگەیاندووە، لانیكەم چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بێكار لەئێران بوونی هەیە، بەڵام ئەكبەر توركان راوێژكاری سەركۆمار باسی لەبیكاری سێ ملیۆن كەس كردووە و هەروەها وەزیری ناوخۆی ئێران وتوویەتی، نزیك بە هەشت ملیۆن بێكاری هەمیشەیی لەئێران بوونی هەیە.
بەپێی ئامارەكان لەكۆی گشتیی بێكاران ٤٥%ی توێژی خوێندەوار و زانكۆیی پێكی دێنن و هەروەها وەزیری كاریش رایگەیاندبوو، دەوڵەتی یازدەیەم لانیكەم هەتا ٧ یان ٨ ساڵی دیكە توانای دامەزراندنی هیچ خوێندەوارێک و كارمەندێكی لە ئورگان و ئیدارەكاندا نییە.
هەر لەو پێوەندیەدا ئوستانداری پارێزگای كوردستان رایگەیاندبوو، رێژەی بێكاری لە كوردستانی ئێران زیاتر لە ٣٥%ـە.
یەكێک لەدروشمە ئابوورییەكانی حەسەن روحانی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا، كەمكردنەوەی هەڵاوسان، چاكسازی و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، رێكخستنی كاروباری ماڵیی دەوڵەت و لەهەموو گرینكتر كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و دابین كردنی هەلی كار بوو، بەڵام بەوتەی كارناسانی ئابووری لانیكەم هەتا ئێستا و دوای تێپەڕینی زیاتر لەیەك ساڵ لە دەسەڵاتی دەوڵەتی یازەدەیەم هیچكام لەو بەڵێنیانە وەدی نەهاتوون.





