ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی خەڵكی ناوچەی شنۆ دوای سێ رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٠‌ی پووشپەڕ كرێكارێک بەناوی رەسووڵ نەبی‌زادە تەمەن ٢٨ ساڵ و كوڕی عوسمان، بەهۆی رووخانی میچی بینایەک بەسەریدا، كۆتایی بەژیانی هات.

رەسووڵ نەبی زادە( رەسووڵ شكاک) خەڵكی ئاوایی "سینگان"‌ی سەر بە شاری شنۆ و خاوەنی ژن و منداڵ بووە.

ئەو كرێكارە كوردە رێكەوتی ٧‌ی پووشپەڕ تووشی ئەو رووداوە بووە و دوای سێ رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئیدارەی گشتیی "تەئمین ئێجتماعی" لە ساڵی ١٣٩٢دا نۆزدە هەزار و ٤٧٧ كرێكار لەئێران تووشی رووداوی كار بوون و ئەوانەش تەنیا ئەو كرێكاران كە بە فەرمی ناویان لەئیدارەی "بیمە"‌دا تۆمار كراوە و خاوەنی دەفتەرچەی بیمەی بوونە.

نەبوونی ئیمەنیی كار، نەبوونی كەرەسەی پێویست بۆ كاركردن، كەلوپەلی لەكار كەوتوو و هەروەها نەبوونی زانیاری كرێكاران لەسەر شێوزای كاركردن لەهۆكارە سەرەكییەكانی رووداوی كار لەئێرانن.