ئاژانسی کوردپا: گرووپی مۆسیقای کوردانی خۆراسان، کە بە میوانداریی ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژین"ی هاتبوونە شاری مەریوان، بۆ ماوەی ٣ رۆژ کۆنسێرتی مۆسیقا و گۆرانییان بەرێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گرووپی مۆسیقای کوردەکانی ئوستانی خۆراسانی باکوور بەناوی "هەرای"، کەلە هونەرمەند و ژەنیارانی کوردی خۆراسان پێکهاتبوو، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری مەریوان مۆسیقا و گۆرانیان پێشکەش کرد.
گرووپی مۆسیقای هەرای، کەلە رۆژانی ٦، ٧ و ٨ی پووشپەڕدا لە شاری مەریوان مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەس کرد، سەرجەمیان خەڵکی شاری کوردنشینی قووچان بوون و بە جلوبەگی کوردییەوە لە کۆنسێرتەکەدا ئامادە بوون.
دوایین رۆژی کۆنسێرتی مۆسیقایی گرووپی "هەرای" بە چەند تابلۆ هەلپەڕکێی گرووپی هەڵپەڕکێی "تورغە" و هەڵپەڕکێی کوردانی خۆراسان کۆتایی پێ هات.
ئەم گرووپە مۆسیقایە لە شەشەمین فستیڤاڵی سەرتاسەریی بەیت و حەیرانی سەردەشتدا بەشدارییان کرد، کە تیایدا ٢ پارچە مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەش کردو توانیان پلەی دووەمی ئەو فستیڤاڵە بەدەست بێنن.
گرووپی مۆسیقای هەرای ساڵی ٨٤ دامەزراوەو ساڵی ٨٩ دەستی بە چالاکی کردووە، کە نەستەرەن ئەبولحەسەنیزادەی قووچانی (سەرپەرستی گرووپ و دەهۆڵژەن)، موژگان خۆشئەندام (ئاهەنگساز و کاری تەنزیم)، حامید بوڵەندهیمەت (تووزەلە)، پەیمان مەنمەعی (دووتار ژەن)، رەزا خوسرەوی (ژەنیاری کەمانچە)، سەید مەیسەم مووسەوی (ژەنیاری دەف و دایرە)، مەهسا عەلی تەڵەب (ژەنیاری ئامێرەکانی پرکاشن)، شەرارە فیلاب (گۆرانیبێژ)، حەسەن قەدیمی(گۆرانیبێژ)، موحسین قەدیمی(گۆرانیبێژ) لە ئەندامانی ئەو گرووپەن.







