ئاژانسی كوردپا: دامەزراوەیەكی ئەمریكایی‌ـ ئێرانی پشتیوانی لە كەمپەینی مەدەنیی بەرگری لە مافی خوێندن بە زمانی زكماگی لە كوردستان كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكخراوی " مێزگردی ئێران " لە بەیانامەیەكدا پشتیوانی بێ‌ ئەملاوئەولای خۆی لە هەوڵی چالاكانی فەرهەنگی كورد سەبارەت بە دابین كردن و وەرێ‌ خستنی نامەی " پەروەردە بە زمانی زكماگی" راگەیاند.

لەماوەی سێ‌ حەفتەدا دە هەزار هاووڵاتیی كورد ئەو نامەیەیان واژۆ كردووە و لەحاڵی حازردا بۆ پەرپێدان و فەراوانكردنەوەی، كەمپەینیکی بۆ وەرێ‌ خراوە.

لەبەشێكی بیانییەی "مێزگردی ئێران"‌دا هاتووە: كۆكردنەوەی دە هەزار واژۆ بە مەبەستی مافێكی رەوا، كە لەیاسای بنەڕتی ئێرانیشدا ئاماژەی پێكراوە، دەرخەری پیرۆزی ئەو كەمپەینە و هەروەها مافێكی لەبیركراوی نەتەوەكانی غەیری فارسە.

مێزگردی ئێران"مێزگردی ئێران" لەسەر پرسی نەتەوەكانی ئێران بۆ وێنە توركی ئازەری، فارس، عەرەب، كورد، بەلووچ، توركمەن و سەرجەم ئەو ناوەندانەی كە دەیانهەوێ‌ لەئێراندا ئازادی، یاسا و دێمۆكراسی جێگیر ببێت، چالاكی دەكات.

ئەو ناوەندە كە بنكەکەی لە واشینگتۆنی ئەمریكایە، "پاوانكردنی راهێنان و فێركردنی فەرمی" بە زمانی فارسی بە "لەناو بردنی زمان و ژینۆسایدی سپی" ناو دەبات و مافی پەروەردە و فێركاریی بە زمانی زكماگی بە بەشێك لە مافە سروشتییەكانی مرۆڤ دەزانێ‌.

دلێر ئیسكەندەری، سۆران دانشوەر، جەبار دەستباز، عەدنان فەتحی، رێبوار كامڕانی‌پوور لە چالاكانی فەرهەنگیە و خوێندكاریی لەكوردستان و هەروەها وەرێ‌ خستنی تووماری ١٠ هەزار واژۆ بوون.

پێشتر عەلی یوونسی، راوێژكاری تایبەتی حەسەن روحانی بۆ كاروباری كەمینەكان وتبووی: خوێندن بەزمانی زكماگی، پرس و مەسەلی خەڵكی كوردستان، ئازەربایجان و بەلووچێستان نییە، بەڵكوو پرسێكە كە پێوەندیی بە رەوتە و رێكخراوە سیاسییەكانەوە هەیە و پێویستە ئەو بیانوویە بنبڕ بكەین.