ئاژانسی كوردپا: گرووپی شاخەوانیی "هاوڕێ بۆكان" بەهاوكاری گرووپی شاخەوانانی شارەكانی پیرانشار و سەردەشت، بە بەرزاییەكانی چیای "اشتران كوە" لەئوستانی لوڕستاندا سەرکەوتن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو چالاكییە لە رێكەوتی ١٤ و ١٥ی جۆزەرداندا ئەنجام دراوە و گرووپی شاخەوانی شارەكانی بۆكان، سەردەشت و پیرانشار ئەو چالاکییەیان بەمەبەستی رێز گرتن لەیاد و ناوی هونەرمەندی كۆچكردوو مامۆستا عەباس كەمەندی بەڕێوە بردووە.
" ئەشتران کێو" لە باشووری ئوستانی لورستان هەڵكەوتووە و بە بەرزترین چیا لە زەنجیرە چیاكانی زاگرۆس دێتە ئەژمار، کە بەرزیی ئەو چیایە چوارهەزار و ٢٤ میترە و یەكێك لەناوچە پارێزراوەكانی ئێرانە.

لەلایەكی دیكەوە لەشاری مەریوانیش رێوڕەسمێک بەمەبەستی رێز گرتن لەمامۆستا كەمەندی بەڕێوەچووە.
ئەو رێوڕەسمە رۆژی شەممە رێكەوتی ١٧ی جۆزەردان لەساڵۆنی شارەوانیی ئەو شارە بەڕێوە چووە و تێیدا رێز لەكارە هونەرییەكانی عەباس كەمەندی گیراوە.





