ئاژانسی كوردپا: لەئەنجامی كەمتەر خەمی هاووڵاتیەك لەناوچەی مەریوان سێ‌هێكتار لەدارستان و لێڕەوارەكان لەئاگردا سووتا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی ١٦‌ی جۆزەردان هاووڵاتییەكی خەڵكی ئاوایی "ئاڵمانە" لەكاتێكدا ویستبووی بە مەبەستی چا لێنان ئاگر بكاتەوە، ئاگرەكە تەشەنەی سەندبوو و ببووە هۆی سووتانی دارستانەكانی دەرورووبەریی ئەو ئاواییە.

خەڵكی ئاوایی "ئاڵمانە" بە كۆمەڵ فریای دارستانەكان كەوتبوون و توانیبوویان دوای ماوەیەكی زۆر ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن و پێش بە تەشەنە سەندنی بگرن.

رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٥‌ی جۆزەردانیش لێڕەوار و دارستانەكانی ئاوایی لەنجاوا، تەپەی موسك، مەڕانە و هانەشێخان لەمەریوان ئاگرییان گرتبوو و بەو هۆیەوە خەسارێكی بەرچاوی ژینگەیەی بە ناوچەكە گەیشتبوو.

لە دەورووبەری چیای لەنجاوا دوو هێكتار دارستان سووتابوو و هەروەها لەناوچەی هانەشێخانیش زیاتر لە ٨ هێكتار زەوی و زار و دارستان ببوونە قوربانیی دەستی ئاگر.