ئاژانسی کوردپا: بەهۆی نەبوونی ئیمکانات، لاوێکی پیرانشاری، کە چوار رۆژ پێش ئێستا بەهۆی راوەدوونانی هێزە نیزامییەکانەوە کەتبووە نێو چۆمی زێوکە و ماشکان، نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نەجمەدین سەعیدی تەمەن ٣٥ ساڵ کوری رهحیم و خەڵکی گوندی "گردەسوور"، کەلە ئاوی زێوکە و ماشکاندا نوقم ببوو، کارمەندانی فریاکەوتن و مانگی سوور بەهۆی بێ ئیمکاناتیییەوە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە.
نەجمەدین سەعیدی، کە ئەسپی پی بووە، لە ئەنجامی راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هەڵدێراوەتە نێو چۆمی زێوکە و ماشکان و سەرەرای ئەوەی ئەسپەکەی رزگاری بووە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
دەگوترێت، کارمەندانی فریاکەوتن و مانگی سوور لە رۆژی یەکەمەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوونە، بەڵام بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە لەدۆزینەوەی ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەرکەوتوو نەبوونە.





