ئاژانسی كوردپا: گرووپە هونەرییەکانی شاری جوانڕۆ و کرماشان لەدرێژەی بەرنامەكان‌یان "لەسەر شەپۆلی فەرهەنگ و هونەری ئوستانی كرماشان" كۆڕێكیان بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٧‌ی بانەمەڕ لە تالاری شانۆی كرماشان ئەو كۆڕە بەڕێوە چووە و تیایدا باس لەمێژووی كۆنی شارستانی جوانڕۆ كراوە.

دەف و شمشاڵ ژەنی و چڕینی هۆرە و سیاچەمانە بەشێكی دیكە لە بڕگەكانی ئەو كۆڕە هونەرییە بوون.

هەر لەو كۆڕەدا چەندین تابڵۆی هەڵپەركێی کوردی‌ لەلایەن گرووپە هونەرییەكانی شارستانی جوانڕۆ و كرماشانەوە پێشکەش کران.

بەرنامەكانی "سەر شەپۆلی فەرهەنگ و هونەری ئوستانی كرماشان" هەر جارەو و بۆ شار و شارەدێیەك تەرخان دەكرێت و تیایدا مێژووی ئەو شارە دەخرێتەڕوو.

وێنە: تاق وەسان/ فوئاد گوودەرزی