ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە رەز و دارستانەکانی کێوی بەمۆ لەسنووری سەرپێڵ زەهاو و هەرێمی کوردستان ئاگری گرتووە و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ هەوڵێکیان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ لەکاتژمێر ١٠وە، کێوی بەمۆ ئاگری گرتووە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ.
یەکێک لەدانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، تەنیا کەسانێک کە لە هەوڵی کونترۆڵ کردنی ئاگرەکە دان، هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەن و ئەوەشی خستۆتەڕوو، توندی ئاگرەکە بە رادەیەکە کە زۆر بە خێرایی لەحاڵی پەرەسەندن دایە.
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، گومانی ئەوە دەکرێئاگرەکە بەئەنقەست بووە و ئیدارەی ئاگرکوژێنە و لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی نەداوە.
هاووڵاتیان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەو ئاگرە رەز و باخی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و دەورووبەریی کێوی بەمۆ بگرێتەوە.
ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە شوێنێک بە ناوی "پشتی بورجەکی باوەیسی"یەوە دەستی پێکردووە و بەوتەی هاووڵاتییان ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ناوچەی "باوەیسی"یش لە نزیک کێوی بەمۆ دەگرێتەوە.
کێوی بەمۆ بەشێکە لەزەنجیرە چیای زاگرۆس و بە بەرزایی ١٨٤٢ میتر لەسەرپێڵ زەهاو هەڵکەوتووە و بەشوێنێکی گەشتیاریش ناسراوە.





