ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان فشاری خستۆتە سەر هاوسەر و بنەماڵەی چالاكێكی سیاسی كورد و داوای لێكردوون دەبێرۆڵەكەیان رادەستی ئەو ناوەندە ئەمنییە بكەن.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، موحسێن باپیری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی گەرەكی "٣٠ میتری عەلیئاوا"ی شاری بۆكان ئەو چالاكە سیاسییە کوردەیە، كە هەتا ئێستا دوو جار بەناچاری و لەئەنجامی زەخت و گوشارەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا زێدی خۆی بەجێهێشتووە و رووی لە هەندەران كردووە.
موحسێن باپیری لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا وتی:" ماوەی یەك ساڵ و شەش مانگ بەر لەئێستا بەهۆی هەڕەشە و فشاری هێزە ئیتلاعاتییەكان و ئەنجامدانی چالاكی سیاسیی هاوڕێلەگەڵ هاوسەرەكەم (نیشتمان خوسرەوە)ی زێدی خۆم بەجێهێشت و رووم لەهەرێمی كوردستان كرد".

ئەو هاووڵاتییە بۆكانیە لەدرێژەی قسەكانیدا ئاشكراشی كرد، "رێكەوتی ٢٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢ گەڕامەوە ئێران و جارێكی دیكە دوای تێپەڕینی سێرۆژ لەو رێكەوتە بەناچاری و لەترسی دەستبەسەركرانم هەڵاتمەوە.
باپیری باسی لەوەش كرد، هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری بۆكان دوای رۆیشتم، هاوسەرەكەم (نیشتمان خوسرەوەی)یان دەستبەسەر و خستبوویانە ژێر فشارەوە و داوایان لێكردبوو كە من رازی بكات و خۆم رادەستی ئەو ناوەندە ئەمنییە بكەم.
نیشتمان خوسرەوەی رێكەوتی ٢١ی خاكەلێوەی ئەمساڵ بە بارمتە و دانانی سەنەد ئازاد كراوە.
موحسێن باپیری لەدرێژەی لێدوانەكەی بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی خستەڕوو، "هەنووكە هاوسەرەكەم بە ئاگاداری ئیدارەی ئیتلاعات سەردانی من لە وڵاتی توركیای كردووە و پێی وتراوە كە دەبێرازیم بكات بگەڕێمەوە ئێران و گوتیشی: بڕیارە هاوسەرەكەم لەچەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە شاری بۆكان".
باپیری وتی: باوکی خۆم و خێزانەکەم لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کراون و سەرجەم کەلوپەلی شەخسیشم دەستی بەسەردا گیراوە.





