ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی گاز لەخانووبەرەیەک لە شاری سەردەشت، ئەندامانی بنەماڵەیەک توشی برینداری و سووتان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە گەڕەکی "گردە سوور"ی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی گازی شاری، حەوت ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد تووشی سووتان بوون و بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

لەو رووداوەدا ئەو حەوت کەسە نزیک بە ٣٠%ی جەستەیان تووشی سووتان بووە و خانووەکەشیان ئاگری تێبەربووەو کەلوپەلی ناو خانووەکەش بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتاوە.

ئەو رووداوە بەهۆی کەرەستەی گازیی ناستانداردەوە هاتۆتە ئاراوەو لە ماوەی ساڵی رابردووشدا دەیان حاڵەتی تەقینەوەی گازی ناوماڵ و سووتانی هاووڵاتییان بەهۆی تەقینەوەی گاز رووی داوە.

بەپێی ئاماری پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٦٨ هاووڵاتی لەو ئوستانە لە رووداوی جۆراوجۆردا تووشی سووتان هاتوون.