بەرموور: حەفتەی یەکەمی مانگی بانەمەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی کچێکی گەنج لە مەریوان و دەستبەسەرکرانی کچە خویندکاریکی کورد لە مەشهەد و ١٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە دەستبەسەرکرانی کچە خوێندکارێک و دوو پەیڕەوی ئایینی مەسیحی و دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ٩ هاولاتی بەهایی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

ناڕوونیی چارەنووسی کچە خوێندکاریکی کورد لە خۆراسان

لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە کچە خوێندکارانی کورد لە شاری قوچان سەر بە ئوستانی خوراسانی رەزەوی، پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو ئوستانەوە هەڕەشەی لێکرا، چارەنووسی ناڕوونە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە شاری قوچانی سەر بە ئوستانی خوراسانی رەزەوی، کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی ئارەزوو وەتەنی چارەنووسی ناڕوونە و ماڵی باوکی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پێشکێندراوە.

ئەو کچە کوردە، خوێندکارەی تێرمی ٥ی رشتەی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی عیلمی ـ کاربوردیی فەرهەنگ و هونەری شاری مەشهەد بووە و پێشتریش بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد ببوویەوە.

ناوبراو یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنانی بێ سەرپەرەست لە شاری قوچان بووە، کە رۆژی ٢٧ی خاکەلێوەش چەند کەسێکی دیکەی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستبەسەر کرابوون.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ئارەزوو وەتەنی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەشهەد لەمەڕ چارەنووسی کچەکەیان، هیچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیاندراوە.

خۆکوژی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لەمەریوان

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی ئەو خۆکوژیانەی کە گومانی قەتڵیان لەسەرە، تەرمی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە دەوروبەری یەکێک لە گوندەکانی مەریوان دۆزرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلە ئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ تەرمی کچێکی لاو بەناوی شەرارە فاتمی کچی حەمید لە گوندی "بەر قەڵا"ی سەربە شاری مەریوان دۆزرایەوە.

تەرمی ئەو کچە تەمەن ١٥ ساڵەیە بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان راگەیاند، مردنی شەرارە گوماناوی‌یەو لە حەفتەی رابردوودا مردنی گوماناوی هاووڵاتییانی کورد لە شاری مەریوان بە تایبەت مەرگی لاوان لە شاری مەریوان رووی لە زیادبوون کردووە و چالاکانی مەدەنیش بە زنجیرە کوشتنێکی پلان بۆ دارێژراو لە قەڵەمی ئەدەن.

ئێران

دەستبەسەرکردنی کچە خوێندکاریک لە تاران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لەکاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە بەر دەم زیندانی ئێڤین ٣ خوێندکار دەستبەسەر کران.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە، ندا سەبووری هاوڕێ لەگەڵ دوو خوێندکاری دیکە بەناوەکانی میلاد پورعیسا و سوهراب ساڵحی لەلایەن هێزە لیباس شەخسیەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار گوازرانەوە.

ئەو ٣ خوێندکارە هاوڕێ لە گەڵ بەشێک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بەندکراو لە زیندانی ئێڤین و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دانیشتووی تاران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لێدان و کوتانی زیندانیانی ئەو زیندانە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتەوە، لەبەرانبەر دەفتەری سەرکۆماری و دەزگای قەزایی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەو ٣ خوێندکارە لەبەر دەستدا نیە.

دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی ئایینی لە تاران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و هاوکات لە گەڵ جێژنی پاک، ٢ پەیڕەوی ئایینی مەسیحی لە شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەوالانەی کە بڵاوبوونەتەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، ٥ چالاکی مەسیحیی دانیشتووی تاران، کە ٢ کەسیان ژن بوون، لەلایەن هێزە ئەمییەکانەوە لە کەنیسەیەکی باشووری تاران دەستبەسەر کراون.

مریەم ئەسەدی و نازی هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی ئیحسان سادقی، وەحید سادقی، ئەمین مەزڵوومی دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.

مەحکووم کرانی ٩ ژنە چالاکی بەهایی بە ٣٣ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو و تەعزیری

لە رۆژانی رابردوودا، دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی یەزد، ١٠ ژنە چالاکی بەهایی بە ٢٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٩ ساڵ زیندنایی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد.

بەپێی ەئو حوکمە، سەبا گوڵشەن بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ١ ساڵ زیندنایی تەعلیقی، فەریبا ئوشتریم شەونم موتەحید، ویدا هەقیقی، هەر کامەیان بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانیی تەعلیقی فەرهەناز میساقیان، فەڕوخ باقی، ئەعزەم موتەهەری، ئازەر پوورخۆرسەند، نەغمە فارابیش هەرکام بە ٢ ساڵ زیندنایی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو مەحکووم کراون.

ئەو حوکمانە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە لە دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی یەزد پشتڕاست کراوەتەوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٩ حاڵەت)
ماڵپەڕی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ (٩ حاڵەت)
ماڵپەڕی دانشجو نیوز(١ حاڵەت)