ئاژانسی كوردپا: دووهەمین فێستیڤاڵی موسیقای "سنوورپارێزان"‌ی لەشارستانی سەرپێڵ زەهاو بە پێشكەش كردنی گۆرانی رەسەنی نەتەوەكانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێوڕەسمی كۆتایی دووهەمەمین فێستیڤاڵی موسیقای ناوچەیی " سنوورپارێزەران" دوای سێ‌رۆژ كاری بەردەوام ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی ٣‌ی بانەمەڕ لە سەرپێڵ بەڕێوە چوو.

بە وتەی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەكە، ٧٣ بەرهەم بۆ دەبیرخانەی فێستیڤاڵەكە نێردرابوو و تەنیا ١٤ بەرهەم توانیان بچنە ركابەرییەكانەوە و لەو ١٤ بەرهەمەش دوو دانەیان نەیانتوانی بەرهەمەكانیان پێشكەش بكەن.

لەو خولە لە فێستیڤاڵەدا هونەرمەندانی ئوستانەكانی كرماشان، ئیلام، هەمەدان، لوڕستان، كوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و خوراسانی رەزەوی بەشدارییان تێدا كردبوو.

لەو باریەوە هەواڵدەریی فارس بڵاوی كردبۆوە، چڕینی هۆرە، دەف ژنی و گورانی رەسەن و ژەنینی ساز لەلایەن دو منداڵەوە و ژەنینی سازی "كوبە"‌یی لەو بەرنامانە بوون كە لەفێستیڤاڵەكەدا پێشكەش كراون.

لەو فێستیڤاڵەدا گرووپی دەفی " كوردی كرماشان"، ئاراد، سینا، رۆچیار، سەرانەی سەرپێڵ زەهاو، كورماڵی كرماشان، باستانی كرماشان و داڵاهۆ بەرنامەیان پێشكەش كردووە.

هەروەها پێشكەش كردنی موسیقای لوڕی، ئازەری و توركی ( رەسەن) و ناوچەیی بەشێكی دیكە لەفێستیڤاڵەكە بووە.

ئامانج لەبەڕێوەبردنی ئەو فێستیڤاڵە، هاندانی هونەرمەندان و پێكهێنانی یەكییەتی لەنێوان كەمینە ئێتنیكییەكانی دانیشتووی ئێران راگەیەندراوە.