ئاژانسی كوردپا: ئەشكەوتی قەڵایچی كە بەیەكێک لە جوانترین و دڵڕفێترین ئەشكەوتەكانی ئێران دێتە ئەژمار، بۆتە ئامانجی پلانی ناستاندارد و كاری بەردەوامی لۆدێڕ و بۆڵدێزێڕەكان لەرزەی خستۆتە پەیكەری ئەو ئەشكەوتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ماوەیەكە ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی سەرنج راكێشانی خەڵكی بۆ لای ئەشكەوتی قەڵایچی و كردنی بە شوێنێكی گەشتیاری، دەستیان داوەتە هەڵكەندنی ئەو ئەشكەوتە.

لێپرسراوانی حكوومەتی لەبۆكان دەڵێین كە دەروازەی چوونە ژووری ئەشكەوتە چكۆڵەیە و دەیانهەوێ‌لە شوێنێكی دیكەی ئەشكەوتی قەڵایچی دەروازەی چوونە ناوی ئەشكەوتەكە بكەنەوە.

لەو بارەیەوە سایتی زریان لەزاری بەرپرسی ئەنجومەنی ئەشكەوتناسانی ئێرانەوە بڵاوی كردبۆوە، بە لێدانی تونێل و هەڵكەندنی ئەشكەوتەكە، ئاو و سەرچاوە ئاوییەكانی ناو ئەشكەوتی قەڵایچی بەرەو وشكبوون دەڕوات و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی وشكبوونی ئەشكەوتەكەش و هیچ تەڕایەییەكی نامێنێ‌.

ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەبڕی ئەوەیكە ئەو شوێنە بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاریی باشتر وایە كە رێگە بدرێت كەسانی پسپۆڕ و ئەشكەوتناس سەردانی بكەن و كاری لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر بكەن.

ئەشكەوتی قەڵایچی وەكوو قووڵترین و جوانترین ئەشكەوتی ئێران لە ١٠ كیلۆمیتری باكووری شارستانی بۆكان و لەنزیك تەپۆڵكەی كەونارایی قەڵایچی هەڵكەوتووە.

دەرگای چوونە ژووری ئەشكەوتەكە ٨ میتری بازنەییە و ساڵی ١٣٨١ گرووپێكی شاخەوانی توانیان ١١٠ میتر لەو ئەشكەتە ببڕن و دوای ئەوان واتە لەساڵی ١٣٨٤ گرووپێكی دیكە بە سەرپەرستی "موقبیل هونەر پەژوو" توانیان هەتا ٣٠٠ میتر لەناو ئەشكەتەكەدا پێشڕەوی بكەن.

پێكهاتە و هەڵكەوتەی ئەشكەوتەكە بە حوكمی ئەوەی كە "ئاهەكی‌یە" هەڵگری كار كردن و هەڵكەندنی نییە و بە تەوی لێپرسراوی ئەنجومەنی ئەشكەتناسانی ئێران ئەگەر بێت شوێنی چوونەژوورێكی دیكە لەو ئەشكەتەدا دروست بكرێت، ئەگەری رووخانی ئەشكەوتەكە شتێكی بەدوور لەچاوەڕوانی نابێت.