بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی دوو ژن لە شارەکانی سەقز و مەهاباد و کوژرانی دوو کچ لە شارەکانی کامیاران و سەرپێڵی زەهاو بەدەسی کەسوکاری خۆیان و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە خستنەدواوەی سزای سێدارەی ژنێک لە کاتێکدا ٢ خولە سەری بە پەتی سێدارەوە بوو لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.
.
"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژی کچێک و ژنێکی کەم تەمەن لە شارەکانی سەقز و مەهاباد

بە خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە سەقز و ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە مەهاباد، ئاماری ئەو ژن و کچە کوردانەی کە لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا هەوڵی خۆکوژی‌یان داوە، گەیشتە ٧ کەس.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان بە ناوی "ئیلاهە زارعی" دانیشتووی گوندی "قەڵا کۆن"ی سەقز دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

ئەو کچە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هۆکاری خۆکوژییەکەی هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە.

هەروەها، رۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵان لە گەڕەکی "بەری شیلانان"ی مەهاباد لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە گەنجە کە شووناسەکەی "سوسەن ئەحمەدزادە" کچی "عەبدوڵڵا راگەیەندراوە لە ماڵەکەی خۆیدا هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە گەنجە روون نەبووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کەلە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە سەرەتای ئەمساڵ(١٣٩٣ی هەتاوی)یەوە، ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشێنەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی، کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

کوژرانی دوو کچ لە کامیاران و سەرپێڵی زەهاو

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو کچی لاو لە شارەکانی کامیاران و سەرپێڵی زەهاو بە دەستی خزم و کەسوکاری خۆیان و بەزەبری چەک کوژران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە، کەسێک بە ناوی مەیسەم عەزیزی دانیشتووی گوندی "کانی هەنگە" سەر بە شاری کامیاران، خۆشکەکەی خۆی بە ناوی "لەیلا عەزیزی" کوشت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو خوشک و برایە بە مەبەستی سەیران چوونەتە یەکێک لەچیاکانی دەورووبەری ئاوایی کانی هەنگ و لەوێ‌"لەیلا" بە براکەی وتووە کە دەیهەوێ‌ژیانی هاوبەش پێک بێنێت و مەیسەم عەزیزی دوای بیستنی ئەو قسەیە بە چەکی راو (تاپڕ) کوشتوویەتی.

لەیلا عەزیزی لە یەکێک لە "باخچەی ساوایان"ی شاری کامیاران کاری دەکرد.

لە لایەکی دیکەوە و رۆژی دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، پیاوێک بە ناوی "عەلی پاشا" لە گوندی "ملە کەوو"ی شاری سەرپێڵی زەهاو، بە زەبری چەک کچەکەی خۆی کوشت.

شوناسی ئەو کچە گەنجە کە رۆژی پێشتریشی لە لایەن باوکیەوە کەوتبووە بەر لێدان و کوتان، رانەگێندراوە.

باوک و برای ئەو کچە، کەلە کاتی روودانی ئەو رووداوە لەوێ حازر بوون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا ئازاد نەکراون.

ئێران

خستتنە دواوەی حوکمی سێدارەی ژنێکی ٦٠ ساڵان کە ٢ خولەک ملی بە پەتی سێدارەوە بوو

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە بەندکراوانی ژنی زیندانی ناوەندەی بەندەرعەباس دوای ئەوەی کە حوکمی لەسێدارەدانی بەڕێوە چوو، کە بۆ ماوەی ٢ خولەک ملی بە پەتی سیدارەوە بوو، جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنج‌شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی "فەلەک‌ناز مورادی" لە حاڵێکدا بۆ کاتێکی دیکە بەدوا خرا، کە بۆ ماوەی دوو خولەک ملی بە پەتی سێدارەکەوە بوو.

ئەو زیندانی تەمەن ٦٠ ساڵانە نزیک بە یەک لەسەر سێی تەمەنی (١٨ ساڵ) لە زیندان بووە و هەموو ئەو ماوەیە چاوەڕوانی بەڕێوە چوونی حوکمەکەی بووە.

هاوکات لە گەڵ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو ژنە بەساڵاچووە، حوکمی ئێعدامی ٤ کەسی دیکە بە ناوەکانی ئەحمەد رەحیمی ٢١ ساڵ، عەلی فولادی ٢٢ ساڵ، عەلی شەریفی ٢٩ ساڵ و زەرغام جەهانگیری ٢٧ ساڵان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری بەندەرعەباس بەڕێوە چووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٤ حاڵەت)
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران(١ حاڵەت)