ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە دوو هەزار ماسی و زیندەوەری ناو ئاوی رووباری " سەراو باخ" لە شارستانی ئابدانانی ئوستانی ئیلام بە هۆی رژانی مادەی ژەهراویی بۆ ناو ئاوەکە، لەناو چوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمتر خەمیی یەکێک لەئاژەڵدارانی ناوچەی ئابدانان و رشتنی مادەی ژەهراویی ( ژەهری پرویتامفس) کە تایبەت بە "زیدی عفوونی کردنی مەڕ و ماڵاتە" بۆ ناو رووبارەکە کارەساتی مەرگی زیندەورانی ناو رووباری "سەراو باخ"‌ی لێکەوتۆتەوە.

لە ئەنجامی رژاندنی ئەو ژەهرەدا بێجگە لە مەرگی دوو هەزار ماسی، ژمارەیەکی بەرچاویش "مار ماسی، بۆق و قڕژاڵ"‌یش لەناو چوون.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەکیش باڵەندە بە هۆی خواردنەوەی ئاوی رووبارەکە لەناو چوون.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە جوانترین و دڵڕفێنترین شوێنە سرووشتییەکانی شارستانی ئیلام بە هۆی پیسی و پێڕانەگەیشتنی لەلایەن ئیدارەی ژینگە پارێزی و شارەوانییەوە، بۆتە شوێنی کۆبوونەوەی زبڵ و پاشماوەکان.

"دەڕەی ئەرغەوان" یەکێک لەو شوێنە دڵڕفێنانەیە کە مەوادی پێنج کیلۆمیتری باکووری ئیلام هەڵکەوتووە و دار و دارستانی وەکوو بەڕوو، توو داپۆشراوە.

ئەو دەڕەیە ئێستا بەهۆی نەپاراستن و کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان بۆتە شوێنی رشتنی پاشماوەکانی بینا سازیی و ئاشغاڵ.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لەهاووڵاتیان بە هۆی بێ‌دەرەتانی و نەبوونی شوێنێکی پێویست لە نزیک ئەو دەڕەیە سەرقاڵی ئاژەڵداریین و ئەوەش ژینگەی ئەو شوێنەی تێکداوە.

ئوستانی ئیلام خاوەنی یەک میلۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار لێڕەوار و دارستانی سروشتی‌یە.