ئاژانسی کوردپا: گیانی قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی دواناوەندیی شارستانی نودشە بە هۆی کێشەی بەڕێوەبەریی و کەمتر خەمیی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە لە مەترسی دایە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوشەی قوتابخانەی ٨ کلاسەی نودشە بە رۆچوونی زەوییەکەی، لەبەرەبەری رووخان دایە و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش تەنیا چەند لەمپەر و پایەی ئاسنیان وەکوو رێگەچارە پێشنیار کردووە.
ئەو قوتابخانە دواناوەندییە لە کۆتایەکانی ساڵی ٩٠ دەستی بەکار کردووە و لەگەڵ کێشەی لێژیی توندی شوێنەکەی و کێشەی رێگەوبان بەرەوڕوویە بە چەشنێک کە قوتابیان هەموو رۆژێک دەبێنزیک بە ١٧٠ پلیکان ببڕن.
مەترسیی رووخان و داڕمانی حەوشەی "قوتابخانەی چەمڕان" لەحاڵێکدایە کە بە هۆی هەڵکەوتەی ناوچەکە، ئەو ناوەندە فێرکارییە لەسەر لێواری بەرزاییەک دروست کراوە و هەر کات ئەگەری رووخانی لێدەکرێ.
"داهێنانی جێگای تێڕامانی بەرپرسانی پەروەردەی نودشە ( دانانی پایە) لە ناو حەوشەی قوتابخانەکە دەرخەری نەبوونی بەڕێوەبەریی و بایەخ نەدان بە سڵامەت و ئەمنیەتیی گیانی ١٢٠ قوتابییە".
پێشتر یەکێک لە لێپرسراوانی پەروەردەی نودشە رایگەیاندبوو: " ئەو کێشەیە لە کۆبوونەوەکانی شۆرای پەروەردە و بارهێنان هاتۆتە بەرباس و کارەکانی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە".
بنەماڵەکانی دانیشتووی نودشە دروست کردنی قوتابخانەی لەو چەشنە و بینا کردنی لە ناوچە ئەستەمەکان بە هۆکاری دواکەوتنی منداڵەکانیان لەخوێندن دەزانن و ئێستاش نیگەرانی ئەوەیان لەلا دروست بووە، کە کێشەی ئەو قوتابخانەیە سەرەڕای ئەوەی بێزاریی منداڵەکانیانی لێکەوتۆتەوە، لەهەمان کاتیشدا نیگەرانی سڵامەتی رۆڵەکانیشیانن.









