ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی سەڵماس لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەڵماسەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لوقمان ئەحمەدی کوڕی حیفزوڵڵا، هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی مەهین خەڵکی گوندی "لیلووس"ی سەربە شاری سەڵماس، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و بەرەوڕووی لێپرسینەوە و هەڕەشەی مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بوونەوە.
ئەو ژن مێردە کوردە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون و خۆیان بەو ئیدارەیە ناساندووە، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لێپرسینەوەیان لێکراوە.
دەگوترێت، لوقمان ئەحمەدی و هاوسەرەکەی مەهین هەتا ئێستا چەندین جار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و بەرەوڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە.
هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردووشدا دوو هاووڵاتیی دیکەی بەناوەکانی ویلایەت حوسێنی خەڵکی گوندی "ئاشناک" و کاوس عەبدوڵڵازادە خەڵکی گوندی "بڕوێشخۆران"ی سەربە شاری سەڵماس لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کران و بۆ ماوەی چەندین کاتژمیر بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی پێکردن بوونەوە.
ویلایەت حوسێنی و کاوس عەبدوڵلازادە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوون.





