گیسو: حەفتەی یەکەمی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی دوو خۆشک لە شاری سنە، کوژرانی بێوەژنێک لە سەرپێڵی زەهاو و گیان لە دەستدانی ژنێکی کوردی دانیشتووتی سەڵماس بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە خۆ دەگرێت.

"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

کوردستـــــــــــان

درێژەی رەوتی خۆکوژی و قەتڵی نامووسی لە کوردستان

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد و قەتڵە نامووسییەکان لە کوردستانی ئێران، ژنێکی لاو لە سەرپێڵی زەها و کوژراو و دوو خۆشک لە شاری سنە دەستیان دایە خۆکوژی، کە یەکێکیان گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ٩٣‌ی هەتاوی، کەسێک بەناوی " مەسعوود سەیدی" خەڵکی سەرپێڵ، سەری خوشکەکەی خۆی لە پشتەوە بڕیوە و لەشی جیا کردۆتەوە.

ئەو ژنە، کە (بێوە ژن) بووە، لەماڵی باوکی ماوەتەوە و "مەسعوود سەعیدی" برای ئەو ژنە بە بیانووی پاراستنی نامووس و بە چەقۆی قەسابی خوشکەکەی خۆی سەر بڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە و هەمان رۆژ، دوو خوشکی تەمەن ١٨ و ٢١ ساڵ بەهۆی کێشە خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژییان داو لە ئەنجامدا کچێکیان گیانی لەدەست دا.

ئەو دوو کچە بەهۆی خواردنی حەبی برنج (فسفيدآلومينيوم) هەوڵی خۆکوژییان داوە و کچێکیان بەناوی "عەسەل. محەمەدی" تەمەن ١٨ ساڵ، پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

کچێکی دیکە بەناوی "ئەسرا. ممحەمەدی" تەمەن ٢١ ساڵ بەهۆی خواردنی حەبی برنج جەرگی لەدەست داوە و هەنووکە لە بەشی "ئای.سی.یوو"ی نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت، دایک و باوکی "ئەسرا و عەسەل.محەمەدی" لە یەک جیابوونەتەوە و لە کاتێکدا ئەو دوو کچە ویستوویانە سەردانی (پوور) خوشکی دایکیان بکەن، لەلایەن باوکیانەوە ئیزنیان پێنەدراوە و بەو هۆیەوە بە خواردنی حەبی برنج هەوڵی خۆکوژییان داوە.

لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٧ هەتا ١٣٩٠ی هەتاوی زیاتر لە هەزار و ٣١١ کەس بە هۆی خواردنی حەبی برنج گیانیان لە دەست داوە، کە بە نیسبەت ساڵانی پێشوو ٤٥% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
هەڵەی پزیشكی لە کوردستان هاووڵاتییان دەکاتە قوربانی

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، ژنێکی کوردی دانیشتووی شاری سەڵماس بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دا. لە ساڵی رابردوو ٤ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لە دەست دابوو و ٣ کەسیش کەمئەندام یان کەوتوبوونە ژێر چاوەدێری پزیشکییەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ژنێکی کورد بە ناوی "جورجیا ئەتمانی" کچی فەتحوڵڵا لە شاری سەڵماس بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە کوردە دانیشتووی گوندی "زۆڵا"ی سەربە شاری سەڵماس بوو، کە دوای خراپ بوونی باری تەندرووستی رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەڵماس کراو پاش چەند کاتژمێر گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ساڵی رابردوودا ٤ ژن و کچی کورد بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست داوە و ٣ ژنی دیکەش بەو هۆیەوە تووشی بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و کەمئەندامی بوونە.

خاوەن‌ڕایان لەو باوەڕەدان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و کاڕی لە رادەبەدەری پزیشکان، و نەبوونی پسپۆڕی و لێزانیی پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەلەی پزیشکی لە قەڵەم ئەدەن.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٤ حاڵەت)