ئاژانسی کوردپا: لەشارەکانی مەهاباد، پاوە و سنە پەردە لەسەر بەرهەمی شاعیران و ئەدیبان لادرا و هەروەها چەندین کتێبی بەرهەمی نووسەرانی کوردیش چاپ و بڵاو کرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١‌ی خاکەلێوە لەشاری مەهاباد پەردە لەسەر کتێبی شێعریی " دیوانی ئەهلی دڵ" لەنووسینی ساکار سۆفی زادە (موحیبی مەهابادی) لادرا.

رێوڕەسمی نواندن و ناساندنی ئەو بەرهەمە شێعرییە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریانی مەهابادی رێکخرابوو، کە تیایدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیران، نووسەران، ئەدیبانی کوردستان بەشداربوون.

ساکار سۆفی زادە،نووسه‌ری کتێبی شێعریی " دیوانی ئەهلی دڵ"

کتێبی دیوانی ئەهلی دڵ ٧١٥ شێعری لەخۆگرتووە و شێعرەکانیش کۆی غەزەل و قەسیدەکانی شاعیر ساکار سۆفی‌زادەیە، کەلە ماوەی ١٥ ساڵدا کاری بۆ کردووە.

لەدرێژەی چالاکییە هونەرییەکان لەشاری مەهاباد، پێشانگایەکی پەندی پێشینیان و قسەی نەستەق لەقاڵبی کاریکاتێردا لە سەر شەقام کراوەتەوە.

ئەو پیشانگایە لەلایەن هونەرمەند "سەید مەحموود سەید قادری موکری" لەمەیدانی شارەوانیی شاری مەهاباد لەرێکەوتی ١‌ی خاکەلێوەوە کراوەتەوە و بۆماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەشاری سنەش کتێبێک لەژێر ناوی " رەنگدانەوەی فەرهەنگی گشتیی لەدیوانی نالی"‌یدا لەنووسینی "کەژاڵ فیداکار" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەو کتێبە وەکوو تێزی کارناسیی کەژاڵ فیداکار نووسراوە و لە ٢٤٠ لاپەڕە پێکهاتووە و بە هاوکاری کانوونی نووسەرانی کورد و چاپەمەنی "شەهاب" لەهەولێر چاپ کراوە.

فەرشید شەریفی، نووسه‌ر

دوو کتێبە چیرۆکی "داستانەی ناتەمامە" و "هەناسێوە تا یاوای(هەناسەی تا گەیشتن)" لەنووسینی فەرشید شەریفی لەشاری پاوە بە زاراوەی هەورامی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی داستانەی ناتەمامە، باس لە ئەدەبیاتی هەورامی دەکات و هەروەها کتێبی هەناسێوە تا یاوای کە لە ٨٠ لاپەڕە پێکهاتووە، زیاتر پڕژاوەتە سەر لایەنە مێژووییەکەی هەورامان و کوردستان.

لەدرێژەی کارە فەرهەنگییەکاندا نووسەرێکی ناوچەی هەورامان بەناوی سابیر عەزیزی کتێبێکی شێعری تازەی هەورامی لەژێر ناوی "سۆسکە قەتیسەکا" نووسیوە.

ئەو کتێبە دووهەمین بەرهەمی ئەو شاعیرە هەورامییە و لە ٦٩ لاپەڕە پێکهاتووە.