ئاژانسی كوردپا: ئیجرای ئەحكامی دادگوستەری شاری سنە، حوكمی لێدانی قامچی(شەلاق)ی ئەندامێكی كانوونی سینفی مامۆستایانی ئێرانی بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پەیمان نۆدینیان ئەندامی هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی كوردستان و ئەندامی كانوونی سینفی مامۆستایانی ئێران، لە لقی ئیجرای ئەحكامی دادگوستەری شاری سنەدا، ٢٠ زەربە قامچی لێدرا.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە بە تۆمەتی "بێرێزی كردن بە مەئمووری دەوڵەت لەكاتی بەڕێوەبردنی ئەركەكانیدا" لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای شاری سنەوە بە زیندانیی هەڵپەسێردراو و لێدانی قامچی مەحكووم كرابوو.
ئەو مامۆستا كوردە لە ساڵی ١٣٨٤وە هەتا ١٣٨٧، هاوڕێ لەگەڵ موختار ئەسەدی چالاكی فەرهەنگیی کورد، بۆ ئوستانی زەنجان دوورخرابوویەوە.
پەیمان نۆدینیان مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ هاوڕێلەگەڵ ١٠ مامۆستای دیكە و لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینفی مامۆستایانی كوردستان بانگهێشتی لقی ٥ی دادگای شاری سنە كرابوون.
ئەو ٩ چالاكە فەرهەنگییە هاوینی ساڵی ١٣٩٠یش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ كرابوو.





