ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی بەرەبەیاندا لە چەندین ئاواییەکی ناوچەی هلیلانی ئیلام، دەزگا و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزە ئینتزامییەکان زیاتر لە ١٠٠ دەزگا و دیشی ماهوارەی گوندەکانی "ماهیزانی سەرێ و خوارێ، ژێرخاکی و تازاوا"ی سەربە بەخشی "هلیلان"یان زەوت کرد.
یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە هەوالنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئینتزامییەکان لە کاتێکدا هاووڵاتییان هێشتا لە خەو هەڵنەستابوون چوونەتە ئەو گوندانە و دەستیان بۆ کۆ کردنەوەی ماهوارە کردووە.
ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: هاتنی ئەو هێزانە لە کاتی بەرەبەیاندا بۆ ئەو گوندانەی ناوچەی هلیلانی ئیلام ترس و دڵەراوکێی لای هاووڵاتییان و بەتایبەت منداڵان دروست کردووە.
پێشتریش پاسگای حەسەنئاوای شاری سنە لە کاتی بەربەیانیداو لە کاتێکدا کە هاووڵاتییان لە خەودا بوون، چووبوونە گەڕەکی "سپووراوا"ی ئەو شارەو دەستیان بە کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان کردبوو.





