ئاژانسی كوردپا: لەشاری سنە ژمارەكانی ١٥ و ١٦ی گۆڤاری زانستی، فەرهەنگی و ئەدەبیی ژیوار بە تێڕوانینێكی تازەوە كەوتە بەر دیدی خوێنەران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، گۆڤاری وەرزانەی ژیوار ماوەی چەندین ساڵە لە ئوستانی كوردستان چاپ و بڵاو دەكرێتەوە و دوای بڵاو بوونەوەی ژمارەی ١٤ی ئەو گۆڤارە، بە هۆی هێندێ‌ كێشە و ئاستەنگەوە گۆڤارەكە راوەستابوو.

ژمارەی نوێی گۆڤارەكە حاڵەتی كتێبی هەیە و دەستەی نووسەرانی تازەشی بۆ دیاری كراوە.

ژمارەی ١٥ و ١٦ی ژیوار چەندین بابەتی لەبارەی ژینگە، كۆمەڵگەی مەدەنیی، مودیرییەتی شار، ئایدۆلۆژی، مێژوو، سروشت، هونەر و داب و نەریتی کوردەواری لەخۆ گرتووە.

خاوەن ئیمتازی گۆڤاری ژیوار "رەحیم غوڵام وەیسیی"‌یە و سەرنووسەرییەكەشی لە ئەستۆی "ئەنوەر ساعد موچێش"‌یە.

ژمارەی ١٥ و ١٦ی وەرزنامەی ژیوار لە دوو توێی ٤٠٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.