ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی شارستانی سەلاسی باوەجانی بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست‌دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠ی شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز کۆڵبەرێک بەناوی فرید قادری تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی عەلی لەسنووری "شێخ سه‌ڵە"‌ی ناوچەی سەلاسی باوەجانی کەوتۆتە سەر مین و بە هۆی تەقینەوەی مینەکە لاقێکی لەدەست دا.

فەرید قادری بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی رەوانەی یەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری کرماشان کراوە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە تایبەت ناوچە سنوورنشینەکان خۆی لە بێبەری ئەو ناوچانە لە نەبوونی ناوەندی پیشەیی و فێرکاریدا دەرخستووە و هاووڵاتییانی کوردی ناچار کردووە روو لە کاری پڕ لەمەترسیی و تاقەت پڕووکێنەر و ماندووهێنەری کۆڵبەری بکەن.

بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، هەتا ئێستا زیندانی کردن، بێ‌حورمەتی پێ کردن، مین‌ڕێژ کردنی رێگای هاتووچۆ، لێدانی دیواری بتوونی و تێل دروو و بگرە بریندار کردن و گیان لێ‌ئەستاندنیش نەیتوانیوە پێش بە کاری کۆڵبەرانی کوردی سەر سنوور بگرێ‌.

دوای تەواو بوونی ٢٧ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا هێشتا دوژمنێکی شاراوە بەناوی مین هەڕەشە لەگیانی هاووڵاتییان بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەکانی ئازەربایجانی غەربی‌، ئیلام، کرماشان و کوردستان دەکات.

بەپێی ئاماری یوونیسێف، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین زانیارییەکان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە.

زەوی و زار و خاکی شارە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران وەک: مێهران، دێهلۆڕان، قەسری شیرین، نەفت شار، سۆمار، جوانڕۆ، گیلانغەرب، پاوە، مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و بەشێک لەورمێ‌، بە رووبەری ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار بە مین ئاڵوودەن.