ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کورد توانی خەڵاتی تایبەتی مافی مرۆڤی کانوونی ئازادی ئێران لە ئاڵمان وەربگرێت و خەڵاتەکەش لەلایەن شیرین عیبادییەوە پێبەخشراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خانمی مائێدە قادری کوردی کرمانجی خوراسان و پارێزەری دادگا، توانی سێیەمین خەڵاتی مافی مرۆڤی کانوونی ئازادی ئێران لە شاری "بوخوم" مسۆگەر بکات.

ئەو خەڵاتە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی سەرماوەز لە کلیسای کریستۆسی شاری "بوخوم"ی ئاڵمان و بە بەشداری شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی ئاشتی "نوبل"، شارەداری بوخوم، وتەبێژی هەیئەت رەئیسەی ئاڵمان و بە پشتیوانی یاسەمین تەباتەبایی و هادی خورسەندی دوو هونەرمەندی ئێرانی بەڕێوە چوو و تێیدا شیرین عیبادی خەڵاتەکەی بە مائێدە قادری بەخشی.
ئەو پارێزەرە بە هۆی بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ دۆسیەی چالاکانی سیاسیی کورد، لە کۆتاییەکانی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەیەک لەگرتووخانەدا راگیرابوو.
مائێدە قادری لە پەیجی تایبەتی فەیس بووکەکەی نووسیویەتی: ئەم خەڵاتە پێشکەشی بە سەرجەم کوردە ئازادیخوازەکان بە تایبەتی لە خوراسان دەکەم و هەتا دوای هەناسەکانی ژیانم سەنگەری خەبات و چالاکیی لەپێناو خەڵکی زوڵم لێکرا و بێبەشدا چۆڵ ناکەم.
مائێدە قادری کە هاوکات چالاکی فەرهەنگیشە و لە کارنامەکەیدا شێعر و سەرنووسەری بڵاوکراوەی "کرمانج"یشی تۆمار کردووە، لە رێوڕەسمی خەڵات بەخشینەکەدا رەخنەی لە ناکارامەیی و بەڵێنییە بێبنەماکانی حەسەن رووحانی گرتبوو.
ئەو پارێزەر بەم دوایانە لە هەرێمی کوردستانەوە چۆتە ئاڵمان و خانمی شیرین عیبادی ناوبراوی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە کاندید کردبوو.







