ئاژانسی کوردپا: هەواڵی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەبیبوڵڵا لەتیفی چالاکی سیاسیی کورد لەگرتووخانەی ناوەندی سنە لەلایەن پارێزەر و بنەماڵەکەیەوە رەت کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزەری حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی، ئیدیعای هێندێلەسەرچاوە هەواڵییەکانی لەبارەی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی بە دوور لە راستی زانی و رەتی کردەوە.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری لەتیفی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، "حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب هەڵنەوەشاوەتەوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی ئەو حوکمەش لەئارادایە".
ئەو پارێزەرە داوای لە چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە هەوڵەکانیان بە مەبەستی پێشگری لەبەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بخەنە گەڕ.
لەلایەکی دیکەوە خوشکی حەبیبوڵڵا لەوتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا هەواڵی هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی براکەی رەت کردۆتەوە و راشیگەیاندووە:" حەبیب مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە".

حەبیبوڵڵا لەتیفی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لەشاری سنە لەدایک بووە و مانگی خەزەڵوەری ٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری سنە دەستبەسەر و بۆماوەی ٤ مانگ لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە.
ئەو چالاکە سیاسییە پووشپەڕی ١٣٨٧ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تاوانی "هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی" لەرێگەی چالاکیی خوێندکاریی ـ سیاسیی بە ئێعدام مەحکووم کرا.
چەند رۆژ لەمەوبەریش کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی هەواڵی هەوڵوەشانەوەی حوکمی سیدارەی سێزیندانیی سیاسیی کوردی بەناوەکانی حەبیبوڵڵا ئەفشاری، مەنسوور ئاروەند و عەلی ئەفشاری بڵاو کردبۆوە.





