ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٠٠ سەر هێستری کاسبکاران بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەلاس و باوەجانی، بەکوشت چوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان گوندەکانی "ساکان و نگرە"ی سەربە سەلاس و باوەجانی وێڕای سووتاندنی شوێنی حەسانەوەی کۆڵبەران، زیاتر لە ١٠٠ سەر هێستری کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیان کوشت و ئاگریشیان تێبەردان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیەند؛ هێزەکانی هەنگی مەرزیی "پاسگای قاڵیچە" دەستیان بەسەر تێکڕای کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانیشدا گرتووە.
هێرشی هیزە چەکدارەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران بۆسەر کۆلبەران و کوشتنی هێستری بارهەڵگری ئەو کۆڵبەرانە لەحاڵێک دایە ، کە کۆڵبەران بەهۆی نەبوونی هەلی کار و هەژاریی لە رادەبەدەر لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران و تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی رۆژانە روو لە کۆڵبەری سەر سنوورەکان دەکەن.





