ئاژانسی کوردپا: ٨ کرێکاری کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی "هەورامانی تەخت"ی سەربە شاری سەوڵاوا کە لە بەنداوی "دارایان" سەرقاڵی کار کردن بوون، بۆ هۆی نالەباریی رێگەوبان، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر ٨ کرێکاری خەڵکی گوندی "ناو" بە ناوەکانی "کەریم خودادادی، سەیاد نەزەری، رەحمان نەزەری، لایەق نەزەری، مورشید گولناری، مەحفووز گوڵناری، شیروان عەلی پەنا و غەریب ره‌مه‌زانی" بەهۆی هەڵدێرانی ماشینەکەیانەوە، گیانیان لەدەست داوە.

نالەباریی رێگەوبان گیانی ٨ کرێکاری بەنداوی "داریان"ی ناوچەی پاوەی ستاند

ئەو رووداوە کە لە نزیک گوندی "هەجیج"ی سەربە شاری پاوە رووی داوە، کە لە ئەنجامدا ٢ کرێکاری دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە توندی بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی "قودس"ی پاوە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی هەجیج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ "بەهۆی لێژ بوونی شوێنی رووداوەکە و هەروەها تاریک بوونی، هەتا بەرەبەیان تەرمی کوژراوەکان نەدۆزراونەتەوە".