ئاژانسی کوردپا: شوێنەواری مێژوویی "هەلیلان" لە نزیک شاری تەوحید لە ئوستانی ئیلام، بەهۆی کەڵەکە بوونی زبڵ و پاشماوە، بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بۆتەوە.
شارەوانیی شاری تەوحید لە کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەردا، زبڵ و پاشماوی خەڵکی لە داوێنی چیای "خۆراڵات" کۆکردۆتەوە و ئەمەش نیگەرانیی و بەداخبوونی چالاکانی ژینگەپارێزیی بۆ ئەو شوێنە مێژووییە لێکەوتۆتەوە.

شاری تەوحید لە ناوچەی "شیروانی چەرداوڵ"ی سەر بە ئوستانی ئیلام هەڵکەوتووە و هاوکات شارەوانیی شاری تەوحید دەوروبەری چۆمی "گاماسیاو"ی بە زبڵ و پاشماوی هاووڵاتییان پڕ کردووە.
هەواڵدەریی ئیسنا بە ئاماژە کردن بە جاددەی هەلیلان بۆ کرماشان و لە زاری چالاکێکی ژینگەپارێزییەوە بڵاوی کردەوە، بۆنی زبڵ و پاشماوە ئەو ناوچەیەی تەنیوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە گەشتیاران بە کەمی روو لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە بکەن.

نابەرپرسیارەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی زبڵی شاری تەوحید و گوندی "کەهرە" لە حاڵێک دایە کە بەپێی هەڵدانەوە و دۆزرانەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان، ناوچەی هەلیلان بەگشتی ١٦٠ تەپۆڵکەی مێژوویی لەخۆ گرتووە.
مێــژووی ناوچەی کەونارا و مێژوویی هەلیلان بۆ قۆناغەکانی چاخی بەردین و چاخی حەوت جۆش دەگەڕێتەوە.
بەوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، " شارەوانیی شاری تەوحید پێشتر هەموو زبڵ و پاشماوەی لە دەوروبەری چۆمی سەیمەرە فڕی ئەدا و هەنووکە داوێنی چیای خۆراڵاتی بۆ تێکدانی ژینگەی ئەو ناوچەیە دەستنیشان کردووە".
بەخشی هەلیلان کە لە ئوستانی کوردنشینی ئیلام هەڵکەوتووە، نزیک بە حەڤدە هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.





