حەفتەی سێهەمی مانگی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە کە ٢ حاڵەتی خۆکوژی و ناڕوون بوونی چارەنووسی بەیان کاکا خانی و هەروەها پێشگیری لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە زەینەب جەلالیان و هەروەها ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە پشتڕاستکرنەوەی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ مریەم نەقاش لە دادگای پێداچوونەوەدا، درێژەی رەوتی پێشگیری لە چاوپێکەوتنی شەبنەم مەدەدزادە لە گەڵ براکەی، بانگهێشت کردنی مریەم سادات سەنجەری بۆ دادگا و راگواستنی مریەم شەفیع‌پوور بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین لە ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە کە ٢ حاڵەتی خۆکوژی و ناڕوون بوونی چارەنووسی بەیان کاکا خانی و هەروەها پێشگیری لە دانی مرەخەسی دەرمانی بە زەینەب جلالیان و هەروەها ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە پشتراستکرنەوەی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ مریەم نەقاش لە دادگای پێداچوونەوەدا، درێژەی رەوتی پێشگیری لە چاوپێکەوتنی شەبنەم مەدەدزادە لە گەڵ براکەی، بانگهێشت کردنی مریەم سادات سەنجەری بۆ دادگا و راگواستنی مریەم شەفیع‌پوور بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین لە ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی دوو ژنی لاو لە شارەکانی شنۆ و سنە

لە ماوەی مانگەکانی پێشوو دا رێژەی خۆکوژی لە نێو ژنان و کچانی کورد بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەچەشنێک، رێژەی خۆکوژیی ژنانی کورد لە ماوەی ٦ مانگی رابردوو دا بە نیسبەت ٦ مانگی یەکەمی ساڵی پێشوو (٩١) نزیک بە ٢٠٠% زیادبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەوی دووشەممە ١٥ی رەزبەر، ژنێکی لاو بە ناوی "کەوسەر جوزان" و خەڵکی گوندی "ئالیان"ی شاری شنۆ کە رۆژی چوارشەممە ١٠ی رەزبەر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لە دەست دا.

ئەم ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە دوای ئەوەی بۆ ماەی ٥ رۆژ لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ لە ژێر چاوەدێری بوو گیانی لە دەست دا.

لە لایەکی دیکەوە سەر لە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی رەزبەر، تەرمی کچ و کورێکی لاو کە شەوی پێشووتری لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سنە بە ناوی "سرینجیانە" دەستیان دابووە خۆکوژی دۆزرایەوە.

ئەم کچە کە خوێندکار بووە، لە گەڵ خۆشەویستەکەی بە ناوی "شاهۆ" کە خەڵکی هەمان گوند بووە بە لێدانی شادەمار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ناڕوون بوونی چارەنووسی بەیان کاکاخانی و بێ بەش بوونی زەینەب جەلالیان لە مرەخەسیی دەرمانی

دۆخی جەستەیی و رۆحیی زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان نالەبارە و بەرپرسانی زیندان لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە ناوبراو خۆ دەبوێرن.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دۆخی جەستەیی و رۆحیی زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان نالەبارە و بەرپرسانی زیندان لە دانی مرەخەسیی دەرمانی بە ناوبراو خۆ دەبوێرن.

سەرەڕای ئەوەی کە زەینەب چاوەکانی تووشی کێشە بوونه و بەم دواییانە توانای بینینی لە دەست داوە، بەڵام بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بە مەبەستی وەرگرتنی مرەخەسیی دەرمانی بە بیانووی هەبوونی پزیشکی تایبەت لە زیندان، بێ ئاکام ماوەتەوە.

زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی دژایەتی لە گەڵ خودا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبە سەر و بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە لە "دیوانی بەرزی وڵات" دا بۆ حەبسی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە چارەنووسی بەیان کاکاخانی کە رۆژی ١٧ی رەشەممەی ساڵی رابردوو لە گەڵ هاوسەرەکەی "هیوا دارئافەرین" دەستبەسەر کرابوو هیچ هەواڵێک لە بەردەست دا نیە.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کە رۆژی ١٧ی رەشەممە هاوڕێ لە گەڵ چەند کەسی دیکە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەریوانەوە دەستبەسەر کرابوون زانیارییەکی ورد لە بەر دەست دا نیە.

هەروەها شوێنی راگرتن و تاوانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستاش ناڕوونە.

پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ٤ ساڵ حەبسی تەعزیری بۆ مریەم نەقاش لە دادگای پێداچوونەوە دا

حوکمی ٤ ساڵ حەبسی تەعزیریی مریەم نەقاش زەڕگەران، کە یەکێک لەو کەسانەیە بە تازەیی بووەتە مەسیحی، لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتڕاست کراوەتەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی ٤ ساڵ حەبسی تەعزیریی مریەم نەقاش زەڕگەران، کە یەکێک لەو کەسانەیە بە تازەیی بووەتە مەسیحی، لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتڕاست کراوەتەوە.

مەریەم نەقاش زەرگەران، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی "پروپاگەندە دژی نیزام" و " کۆبوونەوە دژی تەناهی وڵات لە رێگەی دروستکردن و پەرە پێدان بە کلیسای نێو ماڵ لە وڵات"دا بە ٤ ساڵ حەبس مەحکووم کرابوو کە لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتراست کرایەوە.

مریەم نەقاش زەڕگەران کە پێشتر دڵی نەشتەرگەری لە سەر کرابوو، رۆژی یەکشەممە ٧ی رەزبەری ١٣٩٢ بە هۆی گوشاری رەوانی نێو زیندانەوە تووشی کێشە ببوو و رەوانەی بێهداریی زیندان کرابوو کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە دۆخی جەستەیی ناوبراو لە بەردەست دا نیە.

ناوبراو رۆژی دووشەممە ٢٤ی پووشپەڕ دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرابووەوە.

شەبنەم مەدەد زادە هێشتاش بێ بەشە لە چاوپێکەوتن لە گەڵ براکەی

شەبنەم مەدەدزادە زیندانی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین هەتا ئێستاش لە لە چاوپێکەوتن لە گەڵ براکەی فەرزاد مەدەدزادە کە لە زیندانی رەجایی شار راگیراوە، بێ بەشە و ئیزنیان پێ نادرێت یەکتر ببینن.

شەبنەم مەدەدزادە زیندانی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین هەتا ئێستاش لە لە چاوپێکەوتن لە گەڵ براکەی فەرزاد مەدەدزادە کە لە زیندانی رەجایی شار راگیراوە، بێ بەشە و ئیزنیان پێ نادرێت یەکتر ببینن.

ئەمە لە حالێک دایە کە بە پێی یاساکانی نێو زیندان ئەم خۆشک و برایە دەتوانن هەر مانگ یەکجار چاوپێکەوتنیان هەبێت.

بە وتەی یەکێک لە کەسانی نزیکی ئەم دوو زیندانییە، بە هۆی ئەوەی شەبنەم و فەرزاد حازر نەبوون مەرجەکانی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین قەبووڵ بکەن نزیک به یەک ساڵە لە مافی چاوپێکەوتن بێ بەش کراون.

شەبنەم مەدەدزادە جێگری بەپرسی شوورای دەفتەری "تحکیم وحدت"ی تاران و ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامیی زانکۆی "تربیت معلم کرج" بووە کە لە ریکەوتی ١ی رەشەممەی ١٣٧٨لە گەڵ براکەی دا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ئەم خۆشک و برایە لە لایەن دادگای شۆڕشەوە هەرکامەیان بە ٥ ساڵ حەبسی تەعزیری مەحکووم کراون و هەتا ئێستاش لە مافی مرەخسی بێ بەش بوون.
بانگهێشتکرانی ئەکرەم سادات سەنجەری بۆ دادگا و راگواستننی مریەم شەفیع‌پوور بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەکرەم سادات سەنجەری دایکی خوێندکاری زیندانی "میساق یەزدان نژاد" بانگهێشتی دادگا کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە، خویندکاری دەستبەسەر کراو "مریەم شەفیع‌پوور"، بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.

ئەکرەم سەنجەری دایکی زیندانیی سیاسی میساق یەزدانژاد لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە بەرپرسایەتی پیرعەباسی بۆ رۆژی ٢١ی رەزبەر بانگهێشت کراوە.

ناوبراو لە گەڵ کوڕەکەی دیکەی بە ناوی میلاد بە تاوانی بەشداری لە رێوڕەسمی سەرەخۆشیی عەلی سارمی و هەبوونی سەتەلایت لە خانووەکەیان بانگهێشت کراون.

ئەکرەم سادات سەنجەری تەمەن ٥٦ ساڵ و لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی زایینییە.

مریەم شەفیع‌پوور، چالاکی خوێندکاریی دەستبەسەرکراو، پاش دوو مانگ لە دەستبەسەرکران بۆ بەندی گشتیی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە ، مریەم شەفیع‌پوور، چالاکی خوێندکاریی دەستبەسەرکراو، پاش دوو مانگ لە دەستبەسەرکران بۆ بەندی گشتیی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

مریەم شەفیع‌پوور رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ، دوای بانگهێشت کران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای "شهید مقدس" دەستبەسەر کرابوو.

ئەم خوێندکارە ، ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن دادگای شۆڕشی قەزوینەوە بە یەک ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو مەحکووم کرا بوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٢حاڵەت )
ماڵپەڕی هێرانا ( ٣ حاڵەت )
ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران دا( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کلمە" ( ١ حاڵەت)