ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تیکهەچوونێکی چەکداریدا لەناوچەی بانە،حەوت ئەندامی گرووپی زەربەتی "کۆخان(سپای بەتولموقەدەس)"لەنزیک گوندەکانی شوێ و ساوان، کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارێی رۆژی پێنجشەممە چوار ئەندامی سپای پاسداران و خەڵکی شاری بانە بەناوەکانی " حاجی موتەلیب ئەحمەدیان فەرماندەی گروهی زەربەتی کۆخان – فەتاح ئەحمەدی ، جەلال مستەفایی، لوقمان حوسێنی" لەپێکدادانێکی چەکداریدا کوژران.
هەروەها ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران "بەناوی " مەنسوور مەخدوومی" خەڵکی شاری "قوروە"ی سەربە ئوستانی کوردستان لەو تێکهەچوونەدا کوژراوە.
بە وتەی هاووڵاتییانی ناوچەی بانە "حاجی موتەلیب ئەحمەدیان" ماوەی ٣٠ ساڵە چەکی سپای پاسدارانی پێ بووە و لەو ماوەیەدا دەستێکی باڵای لە ئازار و ئەزیەت کردنی خەڵکی ناوچەکەدا هەبووە.
هەروەها دوو کەس لەو کوژراوانە خەڵکی گوندەکانی "زێویە و هۆمەڕەشاڵ"ی سەربە بەخشی "شوێ"ی شاری بانە بوون و هاوکات دوو ئەندامی سپای پاسدران لەو تێکهەچوونەدا بریندار بوون.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارەتیی خۆی لەم تێکهەچوونە بە ئەستۆ نەگرتووە.





