حەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٢٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
درێژەی خۆکوژیی ژنان لە کوردستان

دیاردەی خۆکوژی لە کوردستانی رۆژهەڵات لە لایەکەوە بە هۆی نەبوونی پشتگری یاسایی و نەریتی بوونی کۆمەڵگا و لە لایەکی دیکەشەوە رووماڵ نەکردنی ئەم دیاردەیە لەلایەن میدیاکانەوە بووتە هۆی ئەوەی کە ئەم دیاردەیە بەردەوام قوربانی بگرێت.

تەنیا لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا ١٥ ژن و کچی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی " ئارەزوو بێهرووزی" لە گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە بەهۆی کێشەی خێـزانییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنـا.

دەگوترێت ئەم ژنە خەڵکی گوندی "رکاوێ"ی سەربە پیرانشار بووە و لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کەبەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە پاش ١ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

لە لایەکەی دیکەوە و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، ژنێکی لاو بە ناوی "سوغرا خزری" خەڵکی میرئاوای شاری بۆکان لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

"سوغرا خزری" تەمەن ١٨ ساڵ، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کردبوو کەلە گەڵ دژایەتیی ناوبراو بەرەو روو ببوویەوە.

هەروەها، کچێکی لاو کە حەفتەی رابردوو ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، دوای چەند رۆژ مانەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان، بە هۆی قووڵیی برینەکانی و زۆر بوونی رێژەی سووتانەکەی، گیانی لە دەست دا.

"دڵشاد ئیسماعیل‌زادە" تەمەن ١٨ ساڵ، کچی "حەمید" و خەڵکی گوندی "سەراوی بەردی زنجیر" لە شاری جوانڕۆ، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

خشتەی خوارەوە ناو و زانیاریی لە سەر ئەو ژن و کچانەی کەلە سەرەتای هاوینەوە لە کوردستانی رۆژهەڵات دەستیان داوەتە خۆکوژی نیشان دەدات:

رۆژین پایا بۆ زیندانی یاسوج گوازرایەوە

لە دریژەی گوشار بۆ سەر زیندانیانی ژنی کورد، لە رۆژانی رابردوودا یەکێک لە زیندانیانی ژنی زیندانی ورمێ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، بۆ بەندی ژنانی زیندانی یاسوج گوازرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بەڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانان، رۆژین پایا لە زیندانیانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ورمێ، بە مەبەستی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی یاسوج گوازراوەتەوە.

رۆژین پایا خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ورمێ‌یە کە ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی ئەندامەتی و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون دەستبەسەر و لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای شۆڕشی ورمێ وە بە دادوەریی دادوەر دەرویشی بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ٣ ساڵە لە بەندی "نستوان"ی زیندانی ورمێ خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەی خۆی بووە و هەنووکە بۆ زیندانی یاسوج گوازراوەتەوە.

ئێــــــــــــران
دۆخی ژنانی بەندی سیاسی _ مەزهەبیی زیندانی ئێڤین

زندانیانی ژنی بەندکراو لە بەندی سیاسی _ مەزهەبیی زیندانی ئێڤین، بۆ ماوەی ٢ ساڵە لە مافی وەرگرتنی مورەخەسی و تەلەفوون کردن بێبەش کراون.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ٢٥ زیندانیی سیاسی _ مەزهەبیی ژنی زیندانی ئێڤین لە حالێک دا لە هۆڵێکی چووکە راگیراون و بۆ ماوەی ٢ ساڵە لە مافی تەلەفوون کردن بۆ بنەمالەکانیان بێبێبەرین.

ئەم زیندانیانە لە بەندێکی نزیک بە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئەڤین کە نزیکە لە شوێنی راگیرانی زیندانیانی پیاو، راگیراون.

غولام حوسەینی ئیسماعیلی بەرپرسی رێکخراوی زیندانەکانی ئێران پێشتر ئەم هەواڵانەی بە دەنگۆ لە قەڵەم دابوو و لەم بارەوە رایگەیاندبوو:" هێندێک جار دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە کە زیندانییە ئەمنیەتییەکان تەنانەت مورەخەسیشیان پێ نادرێت".

فەریبا کەماڵ ئابادی و مەهوەش شەهریاری زیاتر لە ٥ ساڵە بە بێ مەرەخەسی لە زیندانی ئێڤین راگیراون. ئەم دوو زیندانیە هەرکامەیان حوکمی ٢٠ ساڵ زینداییان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها چەندین زیندانیی وەک شەبنەم مەدەدزادە و کوبرا بە نازادە‌ئەمیرخیزی بە بێ مەرەخەسی راگیراون و ماوەی مەحکومیەتەکەیان لە بەرەبەری تەواو بوون دایە.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە زۆرێک لەو دایکانەی لە مەرەخەسی بێبەش کراون خاوەن منداڵی کەم تەمەنی ٣ هەتا حەوت ساڵانن کە دەکرێ ئاماژە بە "فاران حیسامی و مەریەم ئەکبەری بکەین.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان و کورد (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی جەڕەس (١ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد (١ حالەت)