ئاژانسی کوردپا: بە خۆسووتاندنی ژنێک لە ناوچەی نەغەدە، ئاماری خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران گەیشتە ٣٦ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممەی رابردوو رێکەوتی ٣ی خەرمانان ژنێک بەناوی " ئارەزوو بێهرووزی" لە گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە بەهۆی کێشەی خێـزانییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنـا.

دەگوترێت ئەم ژنە خەڵکی گوندی "رکاوێ"ی سەربە پیرانشار بووە و لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی "دایماو"ی سەربە شاری نەغەدە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کەبەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە پاش ١ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٥ مانگی رابردوودا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران تەنیا لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەم ئامارە رێــژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بێگومان ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بۆ دەرکەوتنی ئاماری راستەقینەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەم رێژەیەش زیاتر بێت.