ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەندین ساڵە بەردی کانگەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەلایەن کەسانی ناخۆجێیەوە دەردەهێنرێن و بۆ کارگە و کارخانەی شارەکانی دیکەی ئێران دەگوازرێنەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بە وتەی یەکێک لە دانێشتوانی ناوچەی سەردەشت، ماوەی نزیک بە ٨ ساڵە کانگەی بەردی گرانیت لە ناوچەی سنووریی شاری سەردەشت بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن کەسێکی سەربە حکوومەتەوە دەردەهێنرێ و بێ ئەوەی هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە هەبێت.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، خاوەنی ئەو کانگەیە لە ساڵانی رابردوودا لە ناوچەی سەردەشت فەرماندەری یەکێک لە پایەگا نیزامییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و هەر ئەو کاتەش کانگەیەی "باساڕ"ی بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کانگەی "باساڕ" کەلە نزیک گوندی "قەلەڕەش"ـەی سەربە شاری سەردەشت هەڵکەوتووە، لە ماوەی ٨ ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا هیچ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی خۆجێی ناوچەکە نەبووە و تەنانەت ئەو کرێکارانەی کە لەو کانگەیەش کار دەکەن،کرێکارانی خۆجێی نین.
هەنووکە ٥٦ کانگەی گرانیت لە شارەکانی "سەردەشت، مەهاباد، بۆکان، تیکاب و سایین قەڵا"ی سەربە ئوستانی ئازەرباجانی رۆژئاوا بوونیان هەیە کە ساڵانە ٢٩١ هەزار تۆن بەردی گرانیتیان لێ دەردەهێنرێت و سەرجەمی بەردی ئەو کانگانەش بۆ شارەکانی "بناو" و "ئیسفەهان" دەگوازرێنەوە.







