ئاژانسی کوردپا: خوسرەو و مەسعوود کوردپوور کە ماوەی ٤ مانگ و نیوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە دەستبەسەریدان، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لە دادگای ئینقلابی مەهاباد دادگایی دەکرێن.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی کوردپوور، خوسرەو کوردپوور تاوانی موحاربە لە رێگەی "١-هاوکاری کردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ٢- بێ حورمەتی کردن بەریبەری نیزام ٣- پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و بڵاوکردنەوەی درۆ و بەمەبەستی تێکدانی رای گشتیی" دراوەتە پاڵ.
هەروەها "مەسعوود کوردپوور"یش تاوانی ١- پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی تەناهی نەتەوەیی ٢- بێڕێزی کردن بە رێبەری نیزام ٣- چالاکیی تەبلغیی بەدژی نیزامی پێ راگەیاندراوە.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی برایانی کوردپوور بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هەتا ئێستا تاوانی موحارب بۆ خوسرەو کوردپوور نەسەلمێندراو و ئەم تاوانەش بەدوور لە راستییە.
مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە کاتێکدا بەرەورووی دادگا دەبنەوە، کە ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە بەشێوەی سەربەخۆ و بەبێ لایەنگری، هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــرانیان روماڵ کردووە.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە پارێزەرانی برایانی کوردپووریش بەرەورووی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بوونەتەوە و ئەگەری دەستبەسەر کرانیان بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.
"عەباس جەماڵی، عوسمان موزەیەن و نێعمەت ئەحمەدی" ئەرکی پارێزەریی پەروەندی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە کوردەیان بە ئەستۆ گرتووە.
رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.
خوسرەو کوردپوور ماوەی ٢٥ رۆژ بەنیشانی ناڕوونیی پەروەندەکەی لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ مانی لە خواردن گرت.





