ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری روانسەر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، زیندانیی تەعزیری و جەریمەی "نەخت"ی بۆ بڕایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەناوی "نەعمان مەنووچێهری" بەتاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیـزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقالابی ئەو شارەوە بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و دانی ٣ میلیۆن تمەن پارەی نەخت، مەحکووم کرا.
نەعمان مەنووچێهری سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ "ئیدریس ئەحمەدی"، "عادڵ مورادی" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری روانسەر دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها چەن رۆژ پێش ئێستا "عادڵ مورادی" تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی "عەبدوڵڵا" و خەڵکی شاری روانسەر، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.
لەلایەکی دیکەوە لەکاتی دەستبەسەر کرانی "ئیدریس ئەحمەدی"ـەوە هەتا ئێستا، هیچ هەواڵێک لەشوێنی راگیران و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.





