ئاژانسی کوردپا: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی گوند و گەڕەکەکانی شاری سەقز سەلەفیگەری رووی لە زیادبوون کردووە و کۆمەڵێک لە منداڵان و مێرمنداڵان تووشی ئەم دیاردەیە بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ماوەی زیاتر لە ١ ساڵە مەڵا "ح . ق" پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "ساڵحاوا"ی سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا رۆژانە کۆمەڵێک لە منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو گوندە بەرەو سەلەفیگری هان ئەدات و لەم پەیوەندییەدا رێژەیەکی بەرچاو لە منداڵانی ئەو گوندە بەرەو سەلەفیگەری راکێشراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کردەوەکانی ئەم مەلایە نیگەرانیی قوڵی لای بنەماڵەی ئەو منداڵانە دروست کردووە و هەتا ئێستا چەندین منداڵی لە بنەماڵەکانی کردووە بە شێوەیەک زۆربەی ئەو منداڵانە روو لە بنەماڵەکانیان ناکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە مەلا و پێش‌نوێژی مزگەتی گەڕەکەکانی "حاجیاوا" و "تەپی ماڵان" بە ئاشکرا خەڵک بەرەو لای سەلەفیگەری هان ئەدەن و هەتا ئێستاش چەندین لاوی سەقزی لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان خۆیان تەقاندۆتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی "شۆڕش قاسمی" تەمەن ١٨ ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی پشت شارەوانیی سەقز لە وڵاتی پاكستان خۆی تەقاندۆتەوە.

دواتریش لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١دا "ئەیوب بەقایی" تەمەن ٢٢ ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی "حاجی ئاوا"ی شاری سەقز لە وڵاتی ئەفغانستان خۆی تەقاندۆتەوە و گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەكان بە شێوەی بەربڵاو دەستیان كردووە بە چالاكی و بە ئاشکرا سەرقاڵی ئەندامگیرین و بۆ راهێنانیش رەوانەی وڵاتانی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێن و ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی‌لەلای هاووڵاتییانی كورد پێکهێناوە.