ئاژانسی کوردپا: لە رووداوی تەقینەوەی مین لە پیرانشار و هەورە تریشقە لە شاری سەقز، ٤ هاووڵاتیی کورد کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەک بەناوی "حوسێن روانان" تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەندێزە"ی سەربە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵەتەکەی لە نزیک پاسگای "پەسوێ" بەهۆی تەقینەوەی مین، بەسەختی برینداری بووە و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی پیرانشار، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە کێڵگە مینەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق گیانی لەدەست داوە.
بەپێێ ئامارە حکوومەتییەکان، پاش تەواو بوونی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق، نزیک بە ٤٠ میلیۆن مین و گولـلەی نەتەقیو لە ٥ ئوستانی رۆژئاوای ئێران بەجێماون.
هەروەها شەوی رابردوو رێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، ٣ هاووڵاتیی کورد لە نزیک گوندی "بەستام"ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز تووشی رووداوی هەورە تریشقە بوون.
لەو رووداوەدا کەسێکیان بەناوی "ئایشێ سەلیمی" تەمەن ٣٥ ساڵ گیانی لەدەست داوە و هەروەها ٢ کەسی دیکەشیان بەناوەکانی "زانا رەحیمزادە" تەمەن ١٣ سال و "مریەم رەحیمزادە" تەمەن ٣٠ ساڵ بەتوندی تووشی سووتان هاتوون کە بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراون.





