ئاژانسی کوردپا: ٢ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی چەند رۆژ مەرەخەسی"یان پێ‌درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی رەشەممە ٢ چالاکی سیاسی بەناوەکانی "عەلی مەحموودی" و "محەممەد غەریب ئاڵمانە" و خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ و ١٥٠ میلیۆن تمەنی مەرەخەسییان پێ درا و گەڕانەوە بۆ نێو بنەماڵەکەیان.

عەلی مەحموودی

عەلی مەحموودی نووسەر و ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەریوانە کە رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و پاش ١٠٠ رۆژ راگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە راگوێزرابوو.

پێشتر عەلی مەحموودی و محەممەد غەریب ئاڵمانە بە تاوانی چالاکی رۆژنامەنووسی و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان هەر کامیان بۆ ماوەی ٤ و ١٠ ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بوون.