ئاژانسی کوردپا: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ٢ هاووڵاتیی دیکەی ئێرانی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج حوکمی ئێعدامەکەیان بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی "عەلی نادری" ٢١ ساڵ و " ئیبراهیم ئەحمەدی" تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی وەرامین بە تۆمەتی ئەنجام دانی "قەتڵ" لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە، ٢ هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی "مەشهەد و سەوزەوار" بە تاوانی " دەستدرێژی جنسی" ئێعدام کراون.
هاوکات ئەمڕۆ دیوانی بەرزی وڵات حوکمی ئێعدامی ٢ هاووڵاتیی دیکەی بە ناوەکانی "عەلیرەزا مافیا" و "محەممەد عەلی سەروەری" بە تاوانی "دژایەتی لەگەڵ خودا" پژڕاست کردۆتەوە و بەم زووانە حوکمی ئێعدامەکەیان لەبەر چاوی خەڵک بەڕێوە دەچێت.





