ئاژانسی کوردپا: سترانی سێ بڕگەیی کوردی کورمانجی، لەلایەن نووسەر و چالاکێکی فەرهەنگیی باکووری خۆراسان، چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەرتۆکی سێ خشتەکیی کورمانجی کوردەکانی باکووری خۆراسان، لەلایەن " گوڵێ شادکام" و بە هاوکاریی پرۆفیسۆر "جەلیل جەلیل" کوردی خەڵکی ئەرمەنستان ئامادە کراوە و لە ئوروپا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەو پەرتۆکە سێ خشتەکییە، بەرهەمی ١ ساڵ بەدواداچوونی گوڵێ شادکام"ــە و لە ماوەی ئەو ١ ساڵەدا بەمەبەستی تۆمار کردنی ئەو بەرهەمە سەردانی سەرجەم ناوچە کوردنشینەکانی باکووری خۆراسانی کردووە.

پەرتۆکی سێ خشتەکیی کورمانجی پێشکەشی سەرجەم فەرهەنگ دۆستان و شەیدایانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کراوە.

گوڵی شادكام یەك لەو ژنە چالاكانەی كوردی مەشهەدە كە لەباری زیندوو راگرتن و بووژانەوەی فەرهەنگ و كولتووری كورد لە باكووری خوراسان خزمەتێكی بەنرخی كردووە، ناوبراو پێداچوونەوە و هەڵەبڕیی زۆرێك لەو پرتووكە كوردییانەی كە لەوێ لە چاپ دراون لە ئەستۆ بووە و بۆ خۆشی پرتووكێكی بە زمانی كوردی بۆ مندالان بەناوی "پاچە سوور" لە چاپ داوە.

گوڵێ شادکام ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە کۆنفڕانسی کوردۆلۆژیی زانستگەی "هەکاری" لە کوردستانی تورکیەدا بەشداری کردبوو و لەوێدا وتارێکی لە ژێر ناوی " ژن لە کولتوور و کۆمەڵگەی خۆراسان" پێشکەش کردبوو.