ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی " جوانان خیر" لە شاری بۆکان بە بیانووی "ورشکست"ی لە دانەوەی پارەی هاووڵاتییانی کورد خۆی دەبوێرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ٣ رۆژە بە دەیان هاووڵاتیی شاری بۆکان بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پارەکانیان دەچنە بەر دەرکەی ئەو دامەزراوەیە، بەڵام هیچ وەڵامێک لەلایەن بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیەوە به هاووڵاتییان نادرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: دامەزراوەی دەوڵەتیی " جوانان خیر" کە ماوەی چەند ساڵێکە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و کوردستان لقی داناوە، ماوەی نزیک بە ١٠ رۆژە بە بیانووی وەرشکستی پارەی هاوولاتییان ناداتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دامەزراوەیە سەرەتا بە دانی هەندێک وام خەڵکی فریو دا و دواتر رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەو ٣ پارێزگایە پارەکانیان لەو دامەزراوەیە پاشەکەوت کردووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێکخراوەیە بە بیانووی وەرشکست بوونەوە ماوەی چەند رۆژێکە لە دانەوەی پارەی هاووڵاتیانی ئەو ٣ پارێزگایە خۆی دەبوێرێت.