ئاژانسی كوردپا: "ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە" كە گەورەترین ناوەندی رۆشنبیریی رۆژهەڵاتی ناڤینە و لە شاری سلێمانییە ئەمڕۆ بە كردنەوەی پیشانگایەك بە فەرمی دەستی بەكار كرد.
هەژار جوانڕۆیی بەرپرسی ئەو ناوەندە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا زانیاریی زیاتری خستە روو و وتی: ئەمە بیرۆكەیەكی چەندین ساڵەیە و چەندین ساڵە كاری لەسەر دەكەین و ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ناوەندەش بەرەو پێشبردنی رەوتی ررشنبیریی كوردییە.
بەرپرسی ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە راشیگەیاند: بەشی سەرەكیی ئەو ناوەندە بریتیە لە كتێب فرۆشییەكی گەورە و هەموو بەشەكان هەركام نوێنەرایەتیی خۆیان هەیە و هەروەها چەندین بەشی دیكەی وەكوو، گالێری، كافتریا، هۆڵی منداڵان، هۆڵی دیزان، هۆڵی خوێندنەوە، بەشی وەرگێڕان و هەروەها بەشێكی دیكەش بە ناوی چاپ و بڵاوكردنەوە پێكهێنەری ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە دەبن.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: ئەنجومەنێكی ئەدەبیش لە چوارچێوەی ئەو ناوەندەدا رادەگەیەنرێ، بەڵام كارەكانی لە داهاتوودا دەست پێدەكات.

هەژرا جوانڕۆیی وتیشی ئەمڕۆ شەممە بە بەشداریی چەندین كەسایەتیی هونەری و ئەدەبیی وەكوو مەزهەر خالقی، شیركۆ بێكەس و عەدنان كەریم و ژمارەیەك كەسایەتیی دیكە دامەزراندنی ئەو ناوەندە رادەگەیەنرێ.
جوانڕۆیی لەمەڕ شێوازی كار كردنی ناوەندی ئەندێشە وتی: ئێمە كۆمەڵێك پڕۆژەمان لەبەر دەست دایە وەكوو درووست كردنی باخچەی ساوایان، قوتابخانە و دایەنگە و ئەو پڕۆژانە شارەكانی دیكەی كوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە.
ئەو لێپرسراوە ئاشكراشی كرد، سەنتەری رۆشنبیریی كوردی ـ ئورووپایی هەتا ئێستا یارمەتیی زۆر باشی كردووین.
هەژار جوانڕۆیی لە درێژەدا وتیشی: بەپێی ئەو دەزگا چاپەمەنیانەی كەلە كوردستان هەن توانیوامانە كۆمەڵێك كتیبیش لە كردنەوەی پیشانگاكەدا بخەینە بەر دیدی خوێنەران و ئەو كتێبانە داشكاندنی زۆری تێدایە.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، بێجگە لەو پیشانكایە پیشانگایەكی شێوەكاری هاوبەشیش بەڕێوە دەچێت.





