ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی شارەدێی "شوێشە"ی سەر بە شاری سنە كە نزیك بە 8 مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر كرابوو، هێشتا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەلی محەممەدی کوڕی محەممەد تەمەن 35 ساڵ و خێزاندار و خەڵكی شارەدەێی "شوێشە"ی سەر بە شاری سنە نزیك بە هەشت مانگ لەمەوبەر لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار و نزیك لە بنەماڵەی ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند سەرەڕای ئەوەی كە بنەماڵە و كەسوكاری سەردانی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی حكوومەتییان كردووە، بەڵام هیچ هەواڵ و زانیارییەكیان لەبارەی چارنووس و شوێنی راگرتنی "عەلی محەممەدی"یەوە پێنەداون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كردووە كە عەلی محەممەدی بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردیی ئۆپۆزیسۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە.