ئاژانسی كوردپا: لە درێژەی گەڵاڵەی كونترۆلی كۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی ئێرانیدا، هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی پێكهێنانی هێندێدامەزراوەی پارێزگاری كردنی تایبەت بە ژنانە.
لێپرسراوی ناوەندی پۆلیسی بەرگری ناجا رایگەیاند، بەمەبەستی دابین كردنی هێمنی و ئاسایش لە شوێنە تایبەتی و گشتییەكان پێویستیمان بە راهێنانی مەئموورانی ژن هەیە.
هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری "ناسر سەیفیان"ـەوە بڵاوی كردەوە، چالاكی مەئموورانی ژن دەبێتە هۆی چوونە سەری ئەمنیەت لە شوێنە گشتییەكان و هاوكاتیش سەرنجی خەڵكانێكی زۆر بۆ ئەو شوێنانە رادەكێشرێ.
ئەو لێدوانانە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردنی ئەو تەرحە كۆمەڵایەتیانە لە شوێنە تایبەتی و سەیرانگاكاندا، ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە.
پێشتریش ئەو لێپرسراوە باسی لە پێكهێنانی دامەزراوەی "حفازەتی ـ مراقبەتی" لە بەرنامەی 5 ساڵەدا كردبوو و لەوێدا راگەیەندرابوو كە پێویستە 100 هەزار كەس وەكوو مەئموور دابمەزرێن.
لە حاڵی حازردا نزیك بە 507 دامەزراوەی "حفازەتی" لە ئێران بوونی هەیە.





