كوردپا: لە دووەمین رۆژی یادی 66مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، چوار لێكۆلینەوەی تر لە هۆڵی رۆشنبیری زانستگای سەلاحەدین لە شاری هەولێر پێشكەش بە بەشدران كرا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا: لە درێژەی رێورەسمی 66 مین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر، كاتژمێر 3ی پاش نیوەرۆی رۆژی دووشەممە چەندین لێكۆلینەوەی تر لەبارەی لایەنە جیاواز و شاراوەكانی كۆماری كوردستان لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای زانكۆوە پێشكەش كرا.
كۆڕ گێڕەكان بریتی بوون لە:
ـ حامید گەوهەری"كۆماری كوردستان لە نێوان واقیع و راستی شارەوەكاندا"
ـ سۆران كەرباسچیان "كۆماری سەربەخۆی راستیەكان و گەڕانەوە بۆ راستییەكان"
ـ سەلاحەدین مەجید پوور "بنەما پێك هێنەرەكانی كۆماری كوردستان"
ـ هۆزان سلێمان میر خان " هەڵوێستی دەوڵەتە ناوچەییەكان لە كۆماری كوردستاندا"
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە هەولێر، كۆمەڵێك لە كەسایەتیی سیاسیی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانی عێراق و ئێران بەشداری ئەو سیمینارە بوون.
رێكەوتی 30 رێبەندان بە ئامادە بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەر چوار بەشی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی بەرچاوی فەرهەنگی و سیاسیی كورد و بیانی، 66 مین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.





