كوردپا: چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی هەناردەی مادەی خۆراكییان بۆ ئێران راگرتووە و ئەو وڵاتە لە بەرەبەری گرانی و كەمیی مادەی خۆراكی و پێداویتسیەكان دایە.
چەندین وڵاتی وەكوو مالێزی، پاكستان، تایلەند، ویتنام، و ئۆكراین هەناردەی كەلوپەلی خوادرەمەنیان بۆ وڵاتی ئێران راگرتووە.
ئەو هەوڵە لە كاتێك دایە كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا پارەی200 هەزار تون برنجی هاوردە لە وڵاتی هێندی نەداوە و بازرگانەكانی وڵاتانی دەورووبەر هەناردەی مادەی خۆراكییان بۆ ئێران راگرت.
هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراوی ژووری بازرگانیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و چین رایگەیاندووە، ئەگەر سیاسەتەكانی دەوڵەت بەو شێوەیەی كە هەیە درێژە بكێشێ، وڵاتی ئێران لەگەڵ قات و قڕی بەرەوڕوو دەبێتەوە.
ئەسەدوڵڵا عەسكەر ئەوڵادی وتیشی: نیشانەكانی قات و قڕی لە ئێستاوە خۆی دەردەخات و بە سیمای كۆمەڵگای ئێرانەوە دیارە.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی "فرانكفورتر" بڵاوی كردۆتەوە، بەم نزیكانە وڵاتی ئێران لەگەڵ كێشەی كەمیی مادەی خۆراكی بەرەوڕوو دەبێتەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (شفافیت)، حكوومەتی ئیسلامیی تاران لە بواری گەندەڵێەوە لە نێوان 178 وڵاتی جیهاندا پلەی 146مینی هەیە.





