كوردپا: بە بۆنەی نووسینی بابەتێك لەبارەی ناسیۆنالیزمی كورد لە گۆڤاری خوێندكاریی "ژیوار"، لەلایەن بەسیجی خوێندكاری و حەراسەتی زانستگای کوردستانەوە هەڕەشە لە بەرپرسەكانی كرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سنە، ناوەندی بەسیجی زانستگای كوردستان هۆشدارییان بە بەڕێوەبەرانی گۆڤاری ژیوار داوە كە ئەگەر بەرلە چاپ و بڵاو كردنەوە بابەتەكانیان پیشان ئەو ناوەندە نەدەن، ناهێڵن بڵاو بكرێتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، پێشتر بابەتەكانی ئەو گۆڤارە لەلایەن بەشی فەرهەنگیی زانستگاوە تەئید و پەسند دەكران، بەڵام بەپێی بڕیار و سیاسەتی "ئینقلابی فەرهەنگیی" حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەوبەدوا دەبێ ئیدارەی بەسیجی زانستگاش ئەو بابەتانە تەئید بكات.
لە ژمارەی تازەی گۆڤاری خوێندكاریی "ژیوار" لە فایلێكدا باس لە ناسیۆنالیزمی كورد و بەتایبەت بزووتنەوەی "سمایل ئاغای سمكۆ" و رێبەرانی دیكەی بزووتنەوە ناسیۆنالیزمییەكانی كورد كراوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوەندەكانی بەسیج و حەراسەتی زانستگای سنە زەخت و گوشار بخەنە سەر بەڕێوەبەرانی ئەو گۆڤارە خوێندكارییە.
گۆڤاری خوێندکاریی "ژیوار" ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لەلایەن خوێندکارانی زانستگای کوردستانەوە وەک یەکەم گۆڤاری خوێندکاریی کوردی – فارسی لە ئێران دەستی بە وەشان کردوە.
چوارچێوە و تەوەرەکانی ئەو گۆڤارە، فکری، فەرهەنگی و ئەدەبییە کەلە ژمارەی ٢١ەوە وەک گۆڤارێکی ئاکادیمی بە شێوەی فایل بڵاو بوتەوە.





