كوردپا: یەكێك لە هێما سرووشتییە دەگەمنەكانی ئیلام، جۆرێك لە داره سەروویە بەناوی "سەرووی زەربین" كە 2600 ساڵ تەمەنیانە، كە جیا لە نەناسینی ئەو هێما سروشتی – مێژووییە، بەهۆی سووتان و بڕینەوە، خەریكن لەناو دەچن.
هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا پڕژاوەتە سەر بوونی دارە سەروو لە پارێزگای ئیلام، كە ئەو جۆرە دارە پیگە و ریشەیەكی تایبەتی لەناو خەڵك هەیە و وەكوو دارێكی هەمیشە سەرسەوز و هێمای پایداری لە وەرزی سەرما و سۆڵە لە ئیلام ناسراوە.
پارێزگای ئیلام خاوەنی گەلێك هێمایە لە بواری مێژوویی و سروشتیدا، بەڵام بەهۆی نەناسینی دیاردە سەیر و سەرنجڕاكێشەكانی ئەو پارێزگایە، هێشتا لە ئاستی ئێراندا نەناسراون.
هەواڵدەریی میهر لە درێژەی راپۆرتەكەیدا نووسیویە، ئەو دارە سەروانە كە زیاتر لە 20 دار دەبن و لە ناوچەی سروشتیی - مێژوویی"بان سوول" لە سەرووی گوندی "بان سەروو" لە بەخشی "چوار"ی سەر بە ئیلام هەڵكەوتوون و زیاتر لە 2600 ساڵ تەمەنیانە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ ناساندن و تۆمار كردنیان لە ناوەندە سروشتییەكان هەڵنەگیراوە و لەبیر كراون.
ئەو دارانە لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە دەبڕین و دەستووتێنرێن و دەزگا پێوەندیدارەكانی پارێزەری ژینگە بۆ پێشگیری لە لەناو چوونی ئەو هێما سرەوشتی و مێژووییانە هیچ كارێكیان نەكردووە و بەرەبەرە خەریكن وشك دەبن و لەناو دەچن.
وێنە : میهر





