كوردپا: فیلمی سینەمایی "هێلانە سوتاوەكان" لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد "شەهرام مەسڵەخی" و لە نواندنی چەند ئەكتەری ناوداری كورد كە چیرۆكی ئازار و خەمەكانی خەڵكی هەڵەبجەیە، كاری وێنە گرتنی كۆتایی پێهات.

بەپێی هەواڵی بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكانی ئەم فیلمە، ئەكتەرانی كورد "شوان عەتوف، ژیان ئیبراهیم خەیات، حەمەعەلی خان، مەسعود یوسفی و پەیام نەسیری، رەزا حاجی خوسرەوی، شەهێن جەمال، هەژان هێرش، نەشمیل عەلی بەرزنجی" و چەندین ئەكتەری بە توانای دیكە، هەروەها ئەكتەرە فارسەكانیش "شەهرام حەقیقەتدوست، سەحەر قورەیشی، ئیمان سەفا و حشمەت ئارمیدە" و چەندین كەسی دیكەش تێیدا رۆڵ دەبینن.
ئەم فیلمە لە بەرهەمهێنانی "مەحمود خەرماندار"ە و گێڕانەوەی چیرۆكەكانی بەرلە سەردەمی شیمیایی باران و دوای شیمیایی بارانی هەڵەبجەیە كەلە رێگەی گێڕانەوەی بەسەرەهات و روداوەكانی ژیانی عەلی (زمناكۆ) ئەو كوڕەی كەلە كاتی بۆمبارانەكاندا ون دەبێت و ئاوارەی ئێران دەبێت و دوای چەند دەیەیەك دەتوانێت خێزانەكەی خۆی بدۆزێتەوە و بگەڕێتەوە كوردستان.
دەرهێنەر لەبارەی ئەم فیلمەوە دەڵێت: "ئەم فیلمە دیارییەكە بۆ هەموو خێزانێكی كورد و هەموو بینەرانی كوردستان و جیهان، هەتا چیرۆكی هەڵەبجە لە رێگەی هونەری سینەماوە بگەیەنین پێیان".
شەهرام مەسڵەخی دەڵێت :"لەم فیلمەدا عەلی وەك پەتی تەزبێحێكە، كە دەنكەكانی ئەو چیرۆكانەیە كەلە هەڵەبجە و ئێران رویان داوە و عەلی دەبێتە پەتی پەیوەست كردنەوەی چیرۆكەكان بە یەكتر".
ستافی فیلمەكەش پێكهاتوون لە بەڕێوەبەری وێنە گرتن "سالم سەڵواتی"و یاریدەدەرانی وێنەگر "سەڵاح كەریمی و محەمەد"، وێنەگری پشت كامێرا "تالب عوسمان"، فۆتۆگرافەر "سۆران نەقشبەندی و پەیام نەسیری"، یاریدەدەرانی دەرهێنەر "نیشتمان كەریمی و نەدا قوزاتلو"، مۆنیتێرەكان "عەسەل خانی"، دەنگ هەڵگر "عەلی رەزا كەریم نەژاد" و میكیاژ "كازم شیرازی"، دیزاینی جل و لۆكەیشنەكان "مەحمود سادقی"، بەڕێوەبەری بەرنامەڕێژ "مەهدی موتەلیبی"، پێداویستییەكان "عەلیڕەزا تەمەدون"، یاریدەدەری بەرهەمهێنەر "موحسن دانشوەر" و رێكحستنی پێوەندییەكان "سارا خورشید قادر".
بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەكانی فیلمەكە "سۆران نەقشبەندی" پێی راگەیاندین:"كاری وێنەگرتن و دەنگ هەڵگرتنی فیلمەكە تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژ كردن و دانانی مۆزیك دایە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە "سوهراب خوسرەوی" كاری مۆنتاژی بۆ بكات كە زۆرێك لە فیلمەكانی " ئیبراهیم حاتەمی كیا"ی مۆنتاژ كردووە و پێدەچێت كامكارەكانیش مووزیكی بۆ دابنێن".
سۆران وتیشی: "ئەم فیلمە بە هاوكاری و هەماهەنگیی "بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای ئەڵوەند سازان" بەرهەم دەهێنرێت.
بڕیارە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەنرخی گونجاو لە سینەماكان و هۆڵەكانی نمایش پێشان بدرێت و رەچاوی كات و داهاتی هاوڵاتییانیش دەكرێت و لەو بارەوە پلانی ورودمان داڕشتوە هەتا گشت ئارەزوومەندێك لە هەر توێژێك بێ بتوانێت ئەم فیلمە ببینێت، هەروەها بە هیواین لە زۆرێك لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی دونیا و ئەم فیلمە نوێنەرایەتیی سینەمای كوردی و ئازارەكانی هەڵەبجە بكات و چاوەڕوانی ئاكامی گەورەی لێ دەكرێت".
ئەم فیلمە كە ماوەكەی 90 خولەكە، بەهەر دوو فۆرماتی (HD)و (35)میلیم دەكەوێتە بازاڕەكانی سینەماوە و سیستمی دەنگیەكەشی داڵبی دەبێت.

وێنه: سۆران نه‌قشبه‌ندی